كۆمسیۆن ره‌خنه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌گرێت

"پێویستە لەم قۆناخە رۆڵی خۆیان ببینن"

K24 - ھەولێر

دەنگدەران بە رێژه‌یه‌كی کەم سەردانی بنكه‌كانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکەن، بە گوێره‌ی ئەو داتایەی كه‌ دەست کوردستان24 کەوتووە لە ماوەی 20 رۆژی کردنەوەی بنکەکانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی كوردستان، تەنھا 67 هەزار کەس سەردانی بنکەکانی کردووە. ئەو لایەنانەی رەخنەیان لە تۆماری دەنگدەران هەیە چاودێر نانێرن، کۆمسیۆنیش هانا بۆ مامۆستایانی ئاینی دەبات.

تیمی كوردستان24 سەردانی یەكێك لە بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كرد، هۆڵەکە زۆر چۆڵ بوو فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش چاوەرێی هاووڵاتیانن، له ھەر سەعاتێكدا هاووڵاتيیەك سەردانى دەکات. تۆماری دەنگدەرانیش نوێیە و لە کەموکورتیش بەدەر نییە.

لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران 5 کردار ئەنجام دەدرێ، زۆربەی ئەو کەسانەش سەردانیان کردووە بۆ گۆڕینی شوێنی دەنگدانیانە، پێشنیازيش کراوە  ماوەی 10 رۆژ وادەکە درێژ بکرێتەوە. کۆمسیۆنیش رەخنە لەلایەنە سیاسییەکان دەگرێت، کە نە چاودێری نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکەن نە هاووڵاتیانش هان دەدەن بۆ سەردانی بنکەکان، بۆ ئەم مەبەستەش روو لە مینبەری مزگەوتەکان دەکەن.

ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "بەداخەوە كەمترین نوپێنەری لایەنە سیاسییەكان ھاتوونەتە بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لەكاتێكدا پێویستە لەم قۆناخە رۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئەوەی ھەر تێبینیەكیان ھەیە بیخەنەروو، بەپێی رێكارەكانیش رێگەیان پێدراوە".

بڕیارە 30/9/2018، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، قەوارە و لایەنە سیاسیەكانیش ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە.

ھ.م