سووریا ده‌گه‌ڕێته‌وه ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌سه‌د
ئیسرائیل خۆشحاڵه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌ڤیگدۆر لیبه‌رمان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل خۆشحاڵه به گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای سووریا بۆ سنووری به‌رزاییه‌كانی جۆلان و ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه كه سووریا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می پێشووی و ده‌گه‌ڕێته‌وه ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2/8/2018 لیبه‌رمان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "سووریا ده‌گه‌ڕێته‌وه قۆناغی پێش شه‌ڕی ناوخۆیی و ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیداره‌ی ناوه‌ندیی به‌شار ئه‌سه‌د".
ده‌رباره‌ی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی سوپای سووریا له‌م دواییانه به‌دییانهێناوه، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل گوتوویه‌تی: "پێموایه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌سه‌د به‌ره‌كانی شه‌ڕ له سووریا ھێوردهبنهوه،". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو وڵات.
سوپای سوریا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی به‌هاوكاری ئێران و رووسیا زۆرینه‌ی خاكی سووریای گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ژێر ركێفی خۆی. ئه‌مساڵ پاشماوه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌شی له نزیك حمس و دیمه‌شق و باشووری رۆژئاوای سووریا راماڵی.
لێدوانه‌كانی وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل پاش ئه‌وه‌یه كه نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ سووریا ته‌ئكیدیكرده‌وه كه هێزه‌كانی ئێران 85 كیلۆمه‌تر له سنووری به‌رزاییه‌كانی جۆلان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه.
مۆسكۆیش به‌رده‌وام له هه‌وڵدایه دڵنیایی بداته ئیسرائیل كه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای سووریا له ناوچه‌كانی جۆلان یان نزیك له‌و ناوچانه ئاسایشی ئیسرائیل ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌لئه‌ڤیڤ سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران له هه‌موو ئه‌و ناوچانه بكشێته‌وه كه له سووریا كۆنترۆڵی كردوون.