ڤاڵڤێردی: ڤیدال له‌ نێو یاریگه‌ بكوژه‌ و خۆشحاڵم به‌ هاتنی بۆ بارسا

ڤاڵڤێردی باسی ڤیدال و ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كات كه‌ له‌ بارسێلۆنا نزیكه‌

ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ باره‌ی یارییه‌ دۆستانه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌یسی میلان به‌شداریی له‌ پرێس كۆنفرانسێك كرد و خۆشحاڵی خۆشی به‌ گواستنه‌وه‌ی ئارتورۆ ڤیدال ده‌ربڕی.

له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا له‌ باره‌ی ئارتورۆ ڤیدال كه‌ شێوازی یاریكردنی له‌ هی بارسێلۆنا جیاوازه‌، ڤاڵڤێردی گوتی: ئێوه‌ هه‌میشه‌ گومان له‌ ئاستی یاریزانه‌كان دروست ده‌كه‌ن، كاتێك پاوڵینهۆش هاته‌ بارسێلۆنا له‌ سه‌ره‌تا به‌ خراپ باستان ده‌كرد و پێتانوا بوو له‌گه‌ڵ شێوازی بارسێلۆنا ناگونجێت، دواتریش كه‌ فرۆشتمان هه‌مووتان نیگه‌ران بوون و پێتان سه‌یر بوو، چونكه‌ بینیتان له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م چی ئامار و ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ تۆمار كرد.

ڤاڵڤێردی گوتیشی: ئارتورۆ ڤیدال له‌ ڕووی توانای جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانێت پاڵپشتییه‌كی باشی بارسێلۆنا بكات، چونكه‌ له‌ نێو یاریگه‌ وه‌ك بكووژێك وایه‌ و له‌ هه‌ر یانه‌یه‌كیش یاریكردووه‌ به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌ركه‌وتووه‌ و خێرا له‌گه‌ڵ پلانه‌كانی تیپه‌كه‌ گه‌شه‌ی كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی میدیاكانی كه‌ته‌لۆنیا پۆڵ پۆگبا له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا له‌ گفتووگۆدایه‌ و نزیك بۆته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ڤاڵڤێردی گوتی: به‌ڵام ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بین به‌ گواستنه‌وه‌ی پۆگبا، چونكه‌ ئه‌و یاریزانێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ئێستا درێسی یانه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌پۆشێت و نابێت زۆر باسی بكه‌ین، هه‌روه‌ها منیش به‌رپرس نیم له‌ گواستنه‌وه‌ و كڕینی یاریزانان، به‌ڵام پشتگیری هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌م كه‌ تیپه‌كه‌م به‌هێز بكات.

ڤاڵڤێردی له‌ به‌رسیڤێكی دیكه‌دا هیوای ئه‌وه‌ی خواست سیلیسینی گۆڵپارێزی هۆڵه‌ندی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یان به‌رده‌وام بێت و بمێنێته‌وه‌، له‌ باره‌ی رافینهای ناوه‌راستكاری به‌رازیلیش گوتی: ئه‌م یاریزانه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ وه‌رزی رابردوو په‌یوه‌ندی به‌ ئینته‌ر میلان كرد، له‌ ئێستادا ئاستی زۆرباشه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین بزانین له‌ داهاتوو چی رووده‌دات.

بڕیاره‌ له‌ به‌ره‌بانی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 03:05 خوله‌ك، له‌ پاڵه‌وانێتی دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌مریكا، بارسێلۆنا دووه‌مین یاری دۆستانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌یسی میلان بكات.