ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری ھەولێر كۆنترۆڵ نەكراوە
زۆربەی دوكانەكان بە تەواوی سوتاون
K24 - ھەولێر
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ھێشتا ئاگری بازاڕی سێبیرانی قەیسەری شاری ھەولێر كۆنترۆڵ نەكراوە، تیمەكانی بەرگری شارستانی ھەولێر لە شەوی رابردووەوە، لە شوێنی رووداوەكەن بۆ ئەوەی ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام چونكە دوكانەكان زۆربەیان جل و بەرگ و كەلوپەلی جوانكاری تێیدایە كۆنترۆڵكردنی زەحمەتترە".
یەكێك لە دوكاندارەكانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "دوكانەكانی ئەو بازاڕە زیاتریان ئەوانەن كە قوماش و جل و بەرگ بە كۆمەڵ دەفرۆشن و بەسەر بازاڕ دابەشی دەكەن، زیانی رووداوەكە گەلێك زۆرە، بەڵام جارێ نازانین بە چەند دەخەملێنرێت".
ئەو دوكاندارە داواش لە حكوومەتی ھەرێم دەكات، كە قەرەبوویان بكەنەوە وەك خۆی دەڵێ: "ھەندێك لە دوكاندارەكان ھەموو پارەكانیان لەو دوكانە بوو، ئێستا ھیچیان نەماوە".
ھەرچەندە پێشتر دوكاندارێك بۆ كوردستان24 گوتبووی كە ئاگرەكە بەھۆی شۆرتی كارەباییەوە بووە، بەڵام پەیامنێری كوردستان24 لە زاری پلەدارانی بەرگری شارستانی ھەولێر رایگەیاند: "ھێشتا ھۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نەزانراوە، دوای كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەست پێدەكات".
نزیك كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕی سێبیرانی قەیسەری ھەولێر كەوتەوە، بە گوتەی دوكاندارەكان نزیكەی 300 دوكان سوتاون.
ھ.م