موژدەیەکی خۆش لە لۆپیتێخییەوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

لۆپیتێخی: مۆدریچ لەگەڵمان بەردەوام دەبێت

جولیان لۆپیتێخی موژدەیەکی خۆش بە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دەدات و مانەوەی لۆکا مۆدریچ لە یانە ئیسپانییەکە دووپات دەکاتەوە.

دوای بردنەوەیان لە جامی نێودەوڵەتی پاڵەوانان لە یۆڤێنتۆس بە ئەنجامی 3-1، جولیان لۆپیتێخیی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی چارەنووسی مۆدریچ لە یانەکەیان رایگەیاند، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەیان پێشتر زۆر بە روونی هەڵوێستی ریال مەدریدی لەبارەی چارەنووسی مۆدریچ راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەرداری مۆدریچ بن، راهێنەرە نوێیەکەی ریال مەدریدی رایگەیاند ئەوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی مۆدریچ دەکەن کە ئێستا لە پشوو دایە.

لۆپیتێخی راشیگەیاند، مۆدریچ یاریزانی ریال مەدریدە و لە یانەکەشی دەمێنێتەوە بە دڵنیاییەوە، پێشتر ئەوان چێژیان لە یاریکردنی مۆدریچ بینیوە و لەمەودواش بەهەمان شێوە چێژ لە بینینی یارییەکانی دەبینیننەوە.

پێشتر فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی لۆکا مۆدریچی باشترین یاریزانی مۆندیالی 2018 رایگەیاند، ئەوان ئامادە نین بە کەمتر لە 750 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری مۆدریچ بن کە ئەمەش نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مۆدریچە، کە ئینتەر میلانی ئیتالی نزیکەی مانگێکە دەیەوێت ئەو ناوەڕاستکارە کڕواتییە بگوازێتەوە ریزەکانی.

رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکیشیدا رایگەیاندووە، ریال مەدرید پێیوایە هیچ ناوەڕاستکارێک ئێستا لە جیهان نییە بتوانێت شوێنی مۆدریچ بگرێتەوە، بۆیە ئامادە نین دەستبەرداری ئەو یاریزانە کڕواتییەیان بن.