پارتی و یەكێتی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان تاوتوێ دەكەن

گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ تاوتوێكردنی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی كوردستان و ھەوڵەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق کۆببنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە کوردستان24 راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و تاوتوێکردنی هەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان کۆببنەوە".

هەوڵەکان لەبارەی پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ بەغدا بەردەوامە و پێشتر سەرکردایەتی هەردوو حزب جەختیان لەسەر بەشداریکردنی تەواوی لایەنەکان کردووە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەكان تەوەرێكی كۆبوونەوەكە، ئامادەكردنی پاكێجێكی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی دەبێت بۆ بەغدا، بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق".

گوتیشی: "ھەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو ھەوڵانە دەكرێت كە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئارادان، پارتی لەو كۆبوونەوەیەدا داوای روونكردنەوەی زیاتر لە یەكێتی دەكات لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان".

ھ.م