ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە لە كەمی كارەبای نیشتمانی نیگەرانن
"لە ھەڵەبجە بڕی پارەی كارەبای موەلیدە لە شارەكانی دیكە زیاترە"
K24 - ھەڵەبجە
ھاووڵاتیانی پارێزگای ھەڵەبجە نیگەرانن لە بڕی ئەو پارەیەی لە بری كارەبای موەلیدە لێیان وەردەگیرێت و دەڵێن ھەڵەبجە كەمترین كارەبای نیشتمانی پێدەدرێت و لە بەرامبەردا كارەبای موەلیدەیان زیاتر پێدەدرێت، ئەمەش مانگانە پارەی زیاتر لەسەر ھاووڵاتییان دەكەوێت.
لەوبارەوە ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ھەڵەبجە بەناوی سالم حەمە خان، دەڵێ: "بە گوێرەی پارەی موەلیدە كە لە ھاووڵاتیان وەرگیراوە، لە شارەكەی ئێمە كەمترین كات كارەبای نیشتمانی دراوە بە ھاووڵاتیان، بۆیە زۆرترین پارەی كارەبای موەلیدە لە خەڵك وەرگیراوە، بۆ ھەر ئەمپێرێك 18 ھەزار دینار وەرگیراوە".
بەبڕوای زۆرێك لە هاووڵاتیان بەهۆی نەبوونی کۆنتڕۆڵی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە بڕێكی زۆری پارهی کارەبای موەلیدەیان بۆهاتووەتەوە، بەڵام بەڕێوبەری دابەشکردنی کارەبای شارەزوور دەڵیت، ئەو کێشەیە پەیوەندیی بە بوونی کۆنتڕۆڵی کارەباوە نییە، بەڵکو لەمانگەکانی تەمووزو ئابدا بارقورسی زیاتر لهسهر کارەبای نیشتمانی هەیە، بۆیە کاتژمێرەکانی ئیش پێکردنی موەلیدە ئەهلیەکان زیاتر دەبێت و پارەی مانگانەکەش زیاد دەکات.
سهعید قادر، بەڕێوبەری دابەشکردنی کارەبای شارەزوور بە كوردستان24 راگەیاند: "كاتەكانی پێدانی كارەبا جیاوازی نییە ئەگەر كۆنترۆڵ لە ھەر شوێنێك بێت، بەڵام لە دابەشكردنی و لەبارچاوگرتنی شوێن جیاوازی ھەیە، بۆ نموونە ئەگەر كۆنترۆڵ لە ھەڵەبجە بێت، دەتواندرێت باشتر كۆنترۆڵ بكرێت و ھاووڵاتیان زیاتر لە كارەبای نیشتمانی سوودمەندبن".
بهگوێرهی خشتهی دابەشكردنی كارهبا لە پارێزگای هەڵەبجە، کاتژمێرەکانی پێدانهوهی کارەبای نیشتمانی لەنیوان 7 بۆ 8 کاتژمێرە، هەربۆیە ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێکەوتوەتەوە وگرفتی زۆری بۆ خاوەن موەلیدەکانیش دروستکردووە. کۆنتڕۆڵ و دابەشکردنی کارەبای هەڵەبجەش سەر بەپارێزگای سلێمانین، هاوڵاتیانیش داوا دەکەن هەڵەبجە كراوه بە پارێزگا و پێویست ناکات چیتر کۆنتڕۆڵی کارەبای شارەکەیان لە سلێمانی بێت.
ھ.م