خەملاندن بۆ زیانەكانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر دەكرێت

"كاسبكار ھەیە دەڵێ 100 ھەزار دۆلار زەرەرم كردووە"

K24 - ھەولێر

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، لیژنەیەك بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەکەی قەیسەری هەولێر و پشکنینی پێویست بۆ مانەوە یاخود جێهێشتنی دووکانەکان لەلایەن دووکاندارەکان پێکهێندراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای راپۆرتی لیژنەکە بڕیار لەسەر مانەوەی دووکاندارەکان لە شوێنەکانیان یاخود جێهێشتنیان دەدرێت.

لەبارەی زیانەكان قایمقامی ھەولێر گوتی: "جارێ نازانین بە دیاریكراوی زیانەكان چەندە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەو بازاڕە 110 دوكان و كۆگایە و زۆربەیان سوتاون، كاسبكار ھەیە باس لەوە دەكات كە 5 ھەزار دۆلار زەرەری بەركەوتووە، ھەشیانە دەڵێ 50 ھەزار زەرەری كردووە، ھەندێكیان باسی 100 ھەزار دۆلار زەرەر دەكەن، بەڵام ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی بەرگری شارستانی دەكەین، بۆ ئەوەی بە دیاریكراوی زیانەكان ئاشكرا بكرێن".

شەوی 4/8/2018، رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی سێبیرانی قەیسەری ھەولێر روویدا، بەوھۆیەوە زیانی زۆر بەر كاسبكارانی ئەو بازاڕە كەوتووە و تائێستا راپۆرتی زیانەكانی ئەو رووداوە بە فەرمی رانەگەیەندراوە.

ھ.م