پۆگبا دەیەوێت مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵێت
بارسێلۆنا لە گواستنەوەی پۆگبا نزیکبووەتەوە
پۆل پۆگبا دەیەوێت ئەم هاوینە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەجێبهێڵێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاشکرایکردووە، دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆزێ مۆرینهۆی بەڕێوەبەری هونەری یانەکەی، پۆگبا حەز دەکات ریزەکانی مان یونایتد بەجێبهێڵێت، یانەکانی یۆڤێنتۆس و بارسێلۆناش کێبڕکێی یەکتری دەکەن بۆ ئەوەی پێش داخرانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئینگڵاند ئەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە ئێوارەی پێنجشەممە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئینگڵاند دادەخرێت و تەنیا سێ رۆژ ماوە.
یۆڤێنتۆس ئامادەیە مێرالیم پیانیچ و بڕە پارەیەک لە بەرامبەر گێڕانەوەی پۆگبا بدات، بارسێلۆناش ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ بژمێرێت لە بەرامبەر گواستنەوەی پۆگبا، کە ئێستا مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی لە بەریتانیایە و دەیەوێت بابەتی پۆگبا یەکلا بکاتەوە.
پۆگبای 26 ساڵان کە لە مۆندیالی 2018 ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، بەرامبەر 105 ملیۆن یۆرۆ لە یۆڤێمنۆسەوە دوو وەرز لەمەوبەر پەیوەندی بە مان یونایتدەوە کرد.
