ئەڵمانیا مەترسی منداڵانی خێزانە تووندڕەوەکان ئاشکرا دەکات
"داوا دەکرێت منداڵانی خێزانە ئیسلامییە توندڕەوەکان بخرێنە ژێر چاودێری"

K24- ههولێر:
دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لە چارەنووسی ئەو منداڵانەی لە خێزانە ئیسلامییە توندڕەوەکان گەورە دەبن و داوا دەکات بخرێنە ژێر چاودێرییەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، هانس جۆرج ماسێن، سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی دەستوور و دەزگای هەواڵگیری ناوخۆی ئەڵمانیا، پێی وایە: "منداڵی ئەو خێزانانە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئەڵمانیا دروستدەکەن".
هانس جۆرج ئاشکراشیکردووە: "ئەگەری تووندڕەوکردنی منداڵان و هەرزەکاران زۆر زیاتر و خێراتر بووە".
ئەو دەزگا هەواڵگرییە چەند راپۆرتێکیشی بڵاوکردۆتەوە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، تاکو ئێستا "300 منداڵ لە منداڵیەوە فێری تووندڕەوی و تووندوتیژیکراون و پێشیان گوتراوە ئەوانەی لەخۆیان نەبن دەبێت بەرەنگاری ببنەوە".
ئەمەش وایکردووە، ئەو دەزگا ئەمنییە داوا لە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بکات، یاسای چاودێریکردنی منداڵانی خوار 14 ساڵ کە لەو خێزانانە گەورەبوون چالاکبکرێت.
ئەڵمانیا لە رابردوودا چەندین جار کەوتۆتە بەرهێرشی تووندڕەوەکان و لە هەندێک دۆسییەدا، ئەوانەی هێرشیان ئەنجامداوە، رەگەزنامەی ئەڵمانییان هەبووە.
H.J