مزگەوتێك لەسەر چیایەكی بەرز دروست دەكرێت

"لەوێ كەشوھەوا زۆر ساردە، بەڵام دیمەنی خەیاڵی و ناوازە ھەن"

K24 - ھەولێر

لەسەر چیای سوانلی لەنێوان شاری ترابزون و بایبورت، لە توركیا مزگەوتێك بەناوی كركلار، لە بەرزایی 3200 مەتر لەسەر ئاستی دەریا دروست كراوە، جگە لەوەی كاتێك خەڵكی دەچنە ئەو چیایە ئەركە ئاینییەكان لە مزگەوتەكە جێبەجێ دەكەن لە ھەمانكاتدا سەرنجی گەشتیارانی راكێشاوە.

لەكاتی بانگدان لەو مزگەوتە، ھەست دەكەیت دەنگەكە لەناو ھەورەكان دێتە گوێت، چونكە ھیچ گوند و ئاواییەك لە نزیك ئەو چیایە نین.

گەشتیارێك كە چووەتە نێو مزگەوتەكە دەڵێت: "دیمەنی مزگەوتەكە لەسەر ئەو چیایە زۆر سەرنج راكێشە، پێویستە ھەموو كەس بیبینێت".

ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو ناوچەیە دەكەن، بە پیادەڕۆ، دەچنە سەرچیای سوانلی، بۆ ئەوەی مزگەوتی كركلار ببینن.

یەكێك لە گەشتیارەكان باس لەوە دەكات: "لەوێ كەشوھەوا زۆر ساردە، بەڵام دیمەنی خەیاڵی و ناوازە ھەن، مزگەوتی كركلار زۆر خۆشە".

بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت شەو لەنێو مزگەوتەكە بمێننەوە، شوێنی نوستن و چێشتخانەشی ھەیە.

ھ.م