یه‌كێتی چاوی له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكه‌

یەكێتی ھەموو رێگەكان تاقی دەكاتەوە

K24 - كەركووك

زیاتر لە 9 مانگە پۆستی پارێزگاری کەرکووك لەلایەن پارێزگارێکی سەپێندراوە بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەمەش یەکێتی تاکو ئێستا چەند ھەوڵێکی داوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ھەواڵەکانی بێ ئەنجام بوون، دوایین ھەوڵی ئەو حزبە ئەوەیە کە دەیەوێت لەگەڵ پارتی بگاتە رێکكەوتن.

تەنھا رێگە بۆ یەکلای کردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووك، دانیشتنێکی لیستی برایەتییە لە ھۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی ھەموو رێگەکانی تاقیکردەوە، بەڵام لەکۆتایی رێگەکەدا دەیەوێت لەگەڵ پارتی بگاتە رێکكەوتن بۆ دانانی کەسێکی کورد لەو پۆستە.

سەبارەت بەو پرسە شێرزاد سەمەد، کادیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە كەركووك بە كوردستان24 گوت: "بە پلەی یەكەم ئەو پرسە لە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان دایە، ھەر بە بەشداریكردنی برادەرانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا چارەسەر دەبێت، ئەگەر لە ئەولەویەتی كارەكاندا پرسی پۆستی پارێزگاری كەركووك و دەسەڵاتی كورد لەو شارە ببەسترێتەوە بە ھەموو ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ كوتلە گەورەكان لە پەرلەمانی عێراق، بێگومان سەركەوتوو دەبین لەو ھەنگاوە و كێشەكانی كەركووك چارەسەر دەبن".

ھێزە سیاسیەکان لە نۆ مانگی رابردوودا بەپێی قەبارە و سەنگی خۆیان قسەیان لە بابەتی پۆستی پارێزگاری كەركووك کردووە، چەند جارێکیش نەخشە رێگەیان خستووەتە پێش لایەنەکان، ئێستاش چاویان لە نزیك بوونەوەی زیاتری یەکێتی و پارتییە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستە.

حەسەن شێخانی، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان پێی وایە: "كۆمەڵێك یاسا لە بەغدا داڕێژراون بۆ تۆڵە كردنەوەی سیاسی لە كورد، دەبێ دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، ئێستا ھەوڵێك ھەیە رێگەی ھەولێر- كەركووك بكرێتەوە، دەكرێ ھەنگاوی دیكە بنرێت و بۆ ئەوەی مانگی 12ی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دۆخێكی ئاسایی دا بەڕێوەبچێت".

لە دوای 16 ئۆكتۆبەری 2017، ئێستا چارەنووسی کەرکووك بەو شێوەیە کە پارێزگارێکی سەپێندراوی بەغدا بەڕێوەی دەبات، رەنگە ئێستا کە پڕۆسەی تەعریب بەشێوەیەکی چڕ دەستی پێکردووەتەوە لە شارەکە، ھێزەکان لەھەموو کات زیاتر ھەست بە مەترسی لەدەستدانی ئەو پۆستە بکەن.

ھ.م