رۆژنامه‌يه‌كى رووسى: يه‌په‌گه به هۆى ئايدۆلۆژياى په‌كه‌كه‌وه مه‌يلى بۆ رووسيا زياتره
له ماوه‌ى رابردوودا پێكدادانێكى چه‌كدارى له نێوان هێزه كوردييه‌كان و سه‌ربازانى ئه‌مه‌ريكى روويدا
K24 – هه‌ولێر:
نووسه‌ر و شاره‌زاى رووسى زائور كاراييڤ، له رۆژنامه‌ى (سڤۆبۆدنايا پرێسا) وتارێكى سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى كورد له سووريا و ئه‌مه‌ريكا به ناونيشانى (كورده‌كان شه‌ڕيان دژى ئه‌مه‌ريكا راگه‌ياند) بڵاوكردووه‌ته‌وه.
نووسه‌ر له وتاره‌كه‌يدا نووسيويه‌تى:
كورد، پرۆژه‌يه‌كى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكييه. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌يه، بير‌ى كوردايه‌تى له ماوه‌ى پاشه‌كشێى رژێمه به‌هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا گه‌شه‌ى كردووه. له عێراق پێشمه‌رگه توانى هه‌رێمێكى نيمچه سه‌ربه‌خۆ به دابڕاوى له به‌غدا دامه‌زرێنێت.
هه‌رچى سووريايه، ئه‌مه‌ريكا له هه‌ندێك پێودانگدا به هه‌ڵه چوو. وه‌ك ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كى داپۆشراوى گه‌رموگوڕى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه هه‌يه، نه‌يتوانى هه‌مان په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردى سووريا درووست بكات. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: له‌وانه، يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل له رووى ئايدۆلۆژييه‌وه نزيكن له پارتى كرێكارانى كوردستان، به‌ڵام برا كوردهكانيان له عێراق به‌و جۆره نين. پارتى كرێكارانى كوردستان، له سه‌رده‌مى يه‌كێتى سۆڤيه‌ته‌وه مه‌يلى بۆ رووسيا هه‌يه، ئه‌و مهيله به ئهندازهيهك گه‌يشتووه‌ته كوردى سوورياش، تا ئێستا تێبينى هيچ كرده‌وه‌يه‌كى دژبهرانهى كورد له دژى رووسه‌كان له سووريا نه‌كراوه.

له‌و ره‌وشه‌دا، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، هه‌ڵوێستى ناڕوونى ئه‌مه‌ريكا سه‌باره‌ت به ململانێى كوردى و توركى، جگه له په‌يوه‌ندييه‌كى سارد و سڕ هيچى ديكه‌ى به‌رهه‌م نه‌هێناوه. ته‌نانه‌ت تێبينى ئه‌وه‌شكراوه له ماوه‌ى رابردوودا پێكدادانێكى چه‌كدارى له نێوان هێزه كوردييه‌كان و سه‌ربازانى ئه‌مه‌ريكى روويدا.
رووداوه‌كه له شارى دێرزوور روويدا و به هۆيه‌وه سه‌ربازێكى ئه‌مه‌ريكى بريندار بوو و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گهليش يه‌كێك له شهڕڤانهكانيان له‌ده‌ستدا.

به گوێره‌ى زانيارى ئێمه، ئه‌و رووداوه ته‌نيا رووداو نه‌بووه، كه له‌و ميانه‌يه‌دا رووبدات. توێژه‌ر و شاره‌زاى رووسى كارينيه گيڤۆرگيان، له باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى كورد و ئه‌مه‌ريكاوه ده‌ڵێت: له ژينگه‌ى كورديدا خه‌ڵكێك هه‌يه دركيان به‌وه كردووه، ئه‌مه‌ريكييه‌كان به سانايى ده‌يانه‌وێت به‌كاريان بهێنن. ئێستاش ئه‌وه به‌رده‌وامه. دواى ژماره‌يه‌ك رووداوى جۆراوجۆر، ئێستا ده‌سته‌بژێرى كورد ده‌يانه‌وێت روانگه‌ى خۆيان بگۆڕن. بێگومان ته‌نانه‌ت پێكدادانيش ئه‌گه‌رێكى كراوه‌يه.

سه‌رچاوه سه‌ربازييه رووسييه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌وان به‌رده‌وام په‌يوه‌ندييان هه‌يه له‌گه‌ڵ كورده‌كان، ته‌نانه‌ت رووداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ش زوو پێيان گهيشت. سه‌رچاوه كوردييه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، رووداوى هاوشێوه له نزيك ره‌ققه‌ش روويداوه.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ر