قەیسەری كۆنی كفری دەبێتە لانەی دووپشك و مار

شوێنەوارە دێرینەكان پەراوێز دەخرێن

K24 - گەرمیان

داڕووخانی قەیسەری کۆنی کفری کە لەسەدەی نۆزدەوە دروستکراوە بووه‌تە جێی نیگەرانی دانیشتووانی شارۆچکەکە و دەڵێن، لەبری ئەوەی قەیسەری و شوێنەوارە کۆنەکانی ناوچەکە بکرابووانە بە شوێنێكی گەشتیاری، ئێستا بووه‌نەتە شوێنی دووپشك و مار، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیانیش دەڵیت، قەیرانی دارایی گرفتی بەردەم نۆژنکردنەوەی قەیسەریەکەیە.

قەیسەری کۆنی کفری، یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی دەڤەری گەرمیان، ئەو قەیسەرییە ئێستا داڕوخاوە، دانشتوانی ناوچەکەش نیگەرانن لە پەراوێزخستنی شوێنەوارەكان و دەڵین، لەبری ئەوەی شوێنەوارەکان بکرێن بەشوێنی گەشتیاری و بپارێزرێن، کەچی بەپێش چاوی حکوومەتەوە دەروخێن.

جەبار محموود، ھاووڵاتییەكی دانیشووی كفریە ئەو دەڵێت: "داوا دەكەین حكوومەتی ھەرێم دەكەین ئەو بەشەی لە قەیسەری كۆنی كفری ماوە چاكی بكەنەوە، ئەوەی دیكەی كە داڕوخاوە و بووەتە شوێنی دووپشك و مار چاكی بكەنەوە".

ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی قەزای كفری بەناوی علی نەوزاد، پێیوایە: "قەیسەری كۆنی كفری دەبووایە ببێتە شوێنێكی گەشتیاری و گرنگی پێبدرێت لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بووەتە جێی دووپشك و مار، لەبری قازانج زیانی ھەیە بۆ ناچەكە".

لە ماوەی رابردوودا چەندین جار کاربەدەستانی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکەیان کردووەو بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کۆنی کفری و شوێنەوارەکانی دیكەی گەرمیانیان داوە بە گوتەی بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیانیش ھۆکاری نۆژن نەکردنەوەی ئەو شوێنەوارە دێرینانە قەیرانی داراییە.

محەمەد ھەیەر، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەھۆی قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخەی بەسەر ھەرێمی كوردستان ھات، حكوومەتی ھەرێم لە ساڵانی رابردوودا نەیتوانیوە بودجەی ساڵانەش دابین بكات، كەرتی شوێنەواریش لە زیانەكان پشكی شێری بەركەوت، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە بەنیازبووین نۆژەنیان بكەینەوە".

مێژووی دروستکردنی قەیسەری كۆنی كفری بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە لەوکاتەشەوە تاوەکو سەرەتای سەدەی 21 شوێنێکی گرنگی بازرگانی و کارو کەسابەتی دانیشتووانی ناوچەکە بووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و زۆری تەمەنی، قەیسەریەکەش وەك دەیان شوێنەواری دیکەی ناوچەکە داڕوخاوە، ئەگەر فریای نەکەون رەنگە چەند ساڵێکیتر شوێنەوارەكە بەتەواوی لەناوبچێت.

ھ.م