شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات

لەگەڵ سەرۆك كۆمار تاوتوێی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكەن

K24 - ھەولێر

بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، شاندێكی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەبنەوە.

خەسرۆ گۆران، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند، بڕیارە شاندێکی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ سەرۆك کۆماری عێراق کۆببنەوە.

 گوتیشی، هیوادارین کێشە ناوخۆییەکان وەلابنێین و بەیەك لیستی هاوبەشی کوردستانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکەین.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خەسرۆ گۆران، جەختیكردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەنجامدراون و بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنیش رۆژی 5 مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، تەنیا حکوومەت دەتوانێت هەڵبژاردن دوابخات، کە ئەمەش کارێکی ئەستەمە.

ھ.م