له‌ هه‌ولێر شاندى پێكهێنه‌ره‌كانى گه‌وره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانيى هه‌وڵى رازيكردنى كورد ده‌ده‌ن

لەگەڵ شاندی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

بۆ رازیکردن و چوونە ناو هاوپەیمانێتیەکان بەمەبەستی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و حکومەت؛ شاندی پێكهێنه‌ره‌كانى گه‌وره‌ترين كوتله‌، کە لە هاوپەیمانی سائیرون، نەسر، حیکمە و وەتەنیە پێکهاتوون لەشاری هەولێر لەگەڵ شاندی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە.

پێش کۆبوونەوەکەش ئەندامێکی شاندى پێكهێنه‌ره‌كانى گه‌وره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانى، بە کوردستان24ی راگەیاند، کورد وەک ستوونێک وایە بۆ راگرتن و لەقکردنی حکومەتی عێراق.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پرسى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراقى له‌گه‌ڵ شاندى پێكهێنه‌ره‌كانى گه‌وره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانى تاوتوێكرد.

سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شانده‌كه‌ باسی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و چۆنییەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و هەڵبژاردنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و میكانیزمەكانی كاركردن و گەرەنتیی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەو هەڵە سیاسییانە کرا، کە لە قۆناغی دوای 2003 لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و حوكمداریدا ئەنجام دراوە و رۆشنایی خرایە سەر ئەو میكانیزمانەی كە رێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی هەڵەكان.

سەرۆک بارزانی جەختی كردەوە لە سەر پابەندبوون و جێبەجێكردنی هەر سێ پرەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و پارسەنگی لە پرۆسەی سیاسی و بەشداریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە حوكمڕانیدا.

هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى گه‌وره‌ترين كوتله‌ى په‌رله‌مانى چڕ كراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يدا، ئه‌مڕۆش سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فيدراڵ، فوئاد مەعسووم لە مەرسوومێکدا؛ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتووى وه‌ك واده‌ى ئه‌نجامدانى يه‌كه‌م دانيشتنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستنيشان كرد.

 ئ.ر