هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق خێراتر دەبن

ھەموو لایەنەكان ھەوڵی رازیكردنی كورد دەدەن

K24 - ھەولێر

بۆ رازیکردن و چوونە ناو هاوپەیمانێتیەکان بە مەبەستی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و حکوومەت، شاندی هاوپەیمانێتی "نوات" کە لە هاوپەیمانی سائیرون و نەسر و حیکمە و وەتەنیە پێکهاتوون، لەشاری هەولێر لەگەڵ شاندی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە.

پێش کۆبوونەوەکەش ئەندامێکی شاندەکەی هاوپەیمانێتی نوات بە کوردستان24ی راگەیاند، کورد وەك ستوونێك وایە بۆ راگرتن و لەقکردنی حکوومەتی عێراق.

نەسار روبەیعی، سەرۆكی شاندی چوار لایەنە عێراقییەكە لە ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "تاكو ئێستا بەرنامەیەكی كۆتایی و كاندیدكراوێكی دیاریكراومان نییە، بەڵكو لە رێگەی لێكتێگەیشتنی ھاوبەشەوە لەگەڵ ھێزە دیارەكان لە گۆڕەپانی عێراق، رێكەوتن لەسەر بەرنامەی حكوومەت و لەكاتێكی دیاریكراودا لەسەر بنچینەی ھەڵبژاردنی كەسێكی شیاو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، نامانەوێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی تەنیا بۆ پێكھێنانی حكوومەت بێت، بەڵكو دەمانەوێت، لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەھێزبێت بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی حكوومەت لە خزمەتكردنی ھاووڵاتییان".

ھەروەھا خالید عوبەیدی، ئەندامی شاندەكە گوتی: "سەردانەكەمان بۆ ھەرێم لە نوێنەرانی ھەرچوار لایەن، نەسر، سائیرون، حیكمە و وەتەنیە، كە كوتلە "نەوات"یان پێكھێناوە، ھاتووین بۆ ئەوەی پڕۆژەی سیاسیمان بخەینە بەردەم برایان لە پارتە سیاسییەكانی كورد لە كوردستان، ھەروەھا بۆ راگۆڕینەوە و گفتوگۆكردن لە بوارە جیاجییەكان، بەتایبەت حكوومەتی داھاتوو، لە راستیدا ھاتووین بۆ ئەوەی بە برایانمان بڵێین، با لە عێراقدا ھابەشی راستەقینەبین، تاكو لە حكوومەتی داھاتوودا بەشدارییەكی كارایان ھەبێت".

لای خۆیەوە عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدەدات: "ئومێد دەكەین ئەو گفتوگۆیانە ببێتە بنەما بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام، ئێمە ھێشتا بڕیاری كۆتاییمان نەداوە و خۆمان یەكلایی نەكردووەتەوە".

کورد داوای گەرەنتی تەواو بۆ جێبەجێکردنی ھەموو مافە دەستوورییەکان، لە حکوومەتی داھاتووی عێراق دەکات، کە لە سێ کابینەی پێشووتر بێ ھیچ پاساوێك، جێبەجێ نەرکراون، بۆیەش شیعەکان لە کوردەکان تێگەیشتوون، کە پێویستە ئەمجارە داواکاریەکان، لە ژێر سەقفی دەستوور جێبەجێ بکرێن. 

ھ.م