پیکێ باسی کاریگەرییەکانی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەسەر ریال مەدرید دەکات
پیکی: دڵخۆش دەبم ئەگەر پۆگبا بێتە بارسێلۆنا
جیرارد پیکێی بەرگریکاری بارسێلۆنا لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی ئەو گۆڕانکاریانە دەکات کە دواین رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەسەر ریال مەدریددا هاتوون و دەشڵیت دڵخۆش دەبم ئەگەر پۆل پۆگبا پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات، کە تاکو شەوی پێنجشەممە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
پیکێ لەبارەی کاریگەرییەکانی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەسەر ریال مەدریددا دەڵێت 'ریال مەدرید بە دوو سەرکەوتنی لەسەر یەک دەستی بە لالیگا کرد و ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، ئاستێکی بەرزی بەپێی شێوازی یاریکردنی جولیان لۆپیتێخی پێشکەشکرد، من لۆپیتێخی دەناسم لە کاتی راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا، پێموایە ریال مەدرید لە ژێر سەرپەرشتی لۆپیتێخی رێکخراو دەبێت و تیپێکی بە کۆمەڵ دەبێت، نەوەک پشت بە تاکە یاریزانێک ببەستێت. راستە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەکەی بەجێهیشتووە و یاریزانێکی گرنگە، بەڵام ئێستا یانەکە پشت بە یاریکردنی بە کۆمەڵ دەبەستێت و سەرجەم یاریزانەکان وەکو یەک دەستە یاریی دەکەن، نەوەک پشت بە یاریزان ببەستن'.
هەروەها لەبارەی ئەگەری چوونی پۆگبا بۆ ریزەکانی یانەکەی دەڵێت 'هیچ زانیارییەکم لەبارەی دەنگۆی هاتنی پۆل پۆگبا بۆ بارسێلۆنا نییە، ئەمە پەیوەندی بە نێوان پۆگبا و مانچێستەر یونایتد هەیە، بەڵام پۆگبا یاریزانێکی گەورەیە و حەز دەکەم یاریزانە گەورەکان لە بارسێلۆنا کۆببنەوە، بەڵام نازانم پۆگبا لە ئایندەدا یانەکەی دەگۆڕێت یان نا، پێویستە رێز لە پۆگبا بگرین چونکە ئەو ئێستا یاریزانی مانچێستەر یونایتدە و پێویست ناکات قسەی لەسەر بکەم'.