لە رۆژێکدا چەند جار میزکردن ئاساییە؟

زۆر میزکردن ئاماژەیە بۆ نەخۆشی پڕۆستات

K24 – هه‌ولێر:

میزکردن بە دژواری، بوونی خوێن لە میزدا و زوو چوونە تەوالێت نیشانەی سەرەکی شێرپەنجەی پرۆستاتن، بەڵام ئایا لە رۆژێکدا چەند جار ئاساییە بچینە تەوالێت؟

سایتی ئێکسپرێس لەژێر رۆشنایی بڵاوکراوەیەکی رێکخراوی پرۆستات کانسەر لە بەریتانیا ئاشکرایکردووە، زوو چوونە تەوالێت دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانەکانی شێرپەنجەی پرۆستات.

دەشگوترێت ئەگەر جیاوازی نێوان کاتی میزکردن تەنها دوو کاتژمێر بێت، ئەوا دەکرێت کێشەی پرۆستاتت هەبێت.

لە بڵاوکراوەی رێکخراوەکە هاتووە: "ئەگەر کێشەت هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی میزکردن، ئەوا رەنگە پرۆستاتەکەت کێشەی هەبێت".

بە رەچاوکردنی ئەوەی چەند ئاو دەخۆیتەوە، رۆژانە 7 جار میزکردن ئاساییە، دەشکرێت کێشەی میزکردن بۆ نەخۆشی شەکرە و بەکتریا بگەرێتەوە.

هەروەها ئەو کەسانەی شەوان زۆرتر خەبەریان دەبێتەوە بۆ میزکردن، مەترسی زیاتری کێشەی پرۆستاتیان لەسەرە.

پسپۆڕان ئامۆژگاری پیاوان دەکەن، ئاگاداری تەندروستی میزکردنیان بن چونکە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پۆرستات، سەرەتا دەرهاویشتەیەکی ئەوتۆیان نییە.

H.J