هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق کەمپێکی مەشق و راهێنان لە هەولێر دەکاتەوە
کاتانیچ سەرپەرشتی کەمپەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەکات
هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق لە هەولێر کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە
عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، رۆژی سێشەممەی داهاتوو هەڵبژاردەی عێراق لە هەولێر کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە و کەمپەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرۆکە کوردەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راشیگەیاند، بە تەواوەتی لەگەڵ کاتانیچی راهێنەری سلۆڤینی رێککەتوون و ئەو راهێنەرە سلۆڤینییە سەرپەرشتی کەمپەکە دەکات و دوای گەیشتنی بۆ عێراق بەفەرمی واژوو لەسەر گرێبەستەکەی دەکات.
هەردی سیامەند یەکێکە لەو 39 یاریزانەی بەشداریی کەمپەکە دەکەن، بۆ ئەوەی راهێنەرە نوێیەکەی عێراق 23 یاریزان دەستنیشان بکات بۆ یارییە فەرمییەکان.
رۆژی دەی مانگی داهاتوو عێراق لە کوێت یارییەکی دۆستانە بەرامبەر کوێت ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیای 2019 ئامادە بکات، کە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و عێراق لەگەڵ ئێران و ڤێتنام و یەمەن لە یەک کۆمەڵە یاریی دەکەن.
ئێستا هەڵبژاردەی لاوانی عێراقیش لە هەولێر کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە و جگە لە هەڵبژاردەی یەکەم، لاوانی عێراقیش لە هەولێرەوە ئامادەکاریی بۆ پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.