ژنێکی بەریتانی بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری گیان لەدەستدەدات
نەشتەرگەرییەکەی لە شاری ئیزمیری تورکیا ئەنجام دابوو
K24 – ههولێر:
ژنێکی بەریتانی بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری لە یەکێک لە کلینیکەکانی تورکیا گیان لەدەستدەدات.
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی، لیا کامبریجی تەمەن 29 ساڵ، بۆ جوانکاریکردن لە سمتیدا کە دەبوو چەوری ورگ و پشتیشی لاببرێت، دەچێتە شاری ئیزمیر لە تورکیا و نەشتەرگەرییەک بە بڕی 30 هەزار پاوەند ئەنجام دەدات.
راستەوخۆ دوای نەشتەرگەرییەکە، ئەو ژنە کە دایکی سێ منداڵە گیان لەدەستدەدات و هێشتاش هۆکاری تەواوی مردنەکەی نازاندرێت.
خێزانی لیا بەدوای وەڵامێکی فەرمیدا دەگەرێن و دەشڵێن: "خەڵک دەبێت هۆشیاربن لەو حاڵەتانە کە دەکرێت بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییانە گیان لەدەستبدەن".
ئەو نەشتەرگەرییە بە ناوی "بەرازیلیان بەت"( سمتی بەرازیلی) بۆ ئەو خانمانە ئەنجامدەدرێت کە دەیانەوێت لەشیان هاوشێوەی خانمە مۆدێڵەکانی وەک کیم کارداشیان، کایلی جێنەر و نیکی میناج لێبکەن.
H.J