ھەوڵی دابڕینی شارۆچكەیەكی كوردستان دەدرێت

"گۆڕانكاری لە نەخشەی ئیداری پێچەوانەی دەستووری عێراقە"

K24 - گەرمیان

بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە، لایەنە شیعیەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی قەرەتەپە لە ناحیەوە بکەن بە قەزا و لە خانەقینی داببڕێنن، لەکاتێکدا قەرەتەپە دەکەوێتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانەوە و لە دەستووری عیراقیشداھاتووە تا چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە نەکرێت، نابێت گۆڕانکاری نەخشەیی تێدابکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپەش دەڵێت، ئامانجی سیاسی لە پشتی ئەم هەوڵانەوەیە.

لەوبارەوە رەحیم عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو ھەوڵانە لەلایەن بەرپرسانی شیعەوە دەدرێن و ئامانجێكی سیاسی لە پشتەوەیە، قەرەتەپە سەر بە خانەقینە و دیارە دەیانەوێت خانەقین لە كوردستان داببڕێنن، پێشتر وەك ئەنجوومەن بڕیارمانداوە قەرەتەپە وەك جاران بگەڕێتەوە سەر پارێزگای كەركووك".

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوەوە و نەمانی پێشمەرگە و دەسەڵاتی کورد لە ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لایەنە شیعیەكان دەیانەوێت نەخشەی سیاسی ئیدارەی ناوچەکە تێکبدەن لە کاتێکدا لە دەستووری عێراقدا رێگە بەو کارەی لایەنە شیعیە کان نادرێت.

حەسەن جیهاد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشتر ھەوڵێك ھەبوو كە جەلەولا بكرێت بە قەزا، بۆ ئەوەی جیابكرێتەوە لە خانەقین، بەڵام نەتوانرا بیكەن، بەپێی دەستوور ئەگەر ھەوڵی گۆڕانكاری نەخشەی ھەر شار و شارۆچكەیەك بدرێت دەبێ دانیشتووانی بە ھەموو پێكھاتەكانەوە بڕیاری لێبدەن، ھەر پێكھاتەیەك بە تەنیا ئەو كارە بكات سەركەوتوونابێت".

ناحیەی قەرەتەپە، لە بنەڕەتدا سەر بە قەزای کفری بووە کفریش سەر بە پارێزگای کەرکووك بووە، بەهۆی زۆری رێژەی کورد لەم ناوچانە رژێمی عێراق لەسەردەمی سەدام حوسێن، کفری لە کەرکووك دابڕان و خستیە سەر پارێزگای دیالە. لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەریشەوە چەندین پۆستی ئیداری کورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دراوە بە پێكھاتەكانی دیكە و بە سەدان خێزانی کوردیش لەو ناوچانە ئاوارە بوونە.

ھ.م