لایەنە سیاسییەكان دەرگا داخراوەكان لە یەكتر دەكەنەوە
ئەمڕۆ ژمارەیەك كۆبوونەوە لە سلێمانی بەڕێوەدەچن
K24 - ھەولێر
دوای جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستیان بە كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ھەرێم و عێراق كردووە، سەرەكیترین تەوەری كۆبوونەوەكانیش پێكھێنانی حكوومەتی عێراق و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بڕیاریشە ئەمڕۆ چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەبچێ و شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە كۆببێتەوە.
دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ كۆمەڵێك كۆبوونەوە لە سلێمانی بەڕێوەدەچن، شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكرات كۆدەبێتەوە، بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوانەدا جگە لە باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان، باس لە چوونی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا و بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە لەو شاندە تاوتوێ دەكرێت، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باسكردنە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان".
لەلایەكی دیكەوە بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ھەر ئەمڕۆ ھەرچوار لایەنی ناڕازی لەسەر ئاستی باڵا لە بارەگای ھاوپەیمانی لە سلێمانی كۆدەبنەوە، بڕیار لەبارەی چۆنیەتی چوونیان بۆ بەغدا دەدەن، كە لەگەڵ یەكێتی و پارتی بە ھاوبەشی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن یان بە جیا. تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی لایەنە ناڕازییەكان پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، بەپێی زانیارییەكان چەند رۆژێكە ھاوپەیمانی كە دكتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆكایەتی دەكات خۆی یەكلا كردووەتەوە كە بایكۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات".
پەیامنێری كوردستان24 گوتیشی: "بڕیارە ھەر ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كودستان سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسیی كۆببێتەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە دوای ھەڵبژاردەنی پەرلەمانی عێراق، پەیوەندیی نێوان ھەندێك لایەن ھێندە توندبوون ئامادەنەبوون بە ھیچ جۆرێك دەرگا لە یەكتر بكەنەوە، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان، بەڵام دوای ئەوەی یەكێتی لە پەیامی جەژندا بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گۆڕان كرد لەسەر تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی ئەو حزبە، دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانی گۆڕانیان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی گۆڕان كۆبوونەوە.
ھ.م