پارتى: پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئيستحقاقى ئێمه‌يه‌

ئێمه‌ سوورين له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق"

K24 – هه‌ولێر:

پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند، "ئێمه‌ سوورين له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق".

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كۆبوويه‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، مه‌حمود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ وه‌ڵامى پرسيارى په‌يامنێرى كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماريى رايگه‌ياند، "ئێمه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌ هى خه‌ڵكى كوردستان ده‌زانين. له‌گه‌ڵ شيعه‌ و سوننه‌ يه‌كلامان كردووه‌ته‌وه‌. بۆ خه‌ڵكى كوردستانه‌. ده‌بێت نوێنه‌رايه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بكات. وه‌ك چۆن سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ شيعه‌يه‌ و سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ سوننه‌يه‌، سه‌رۆك كۆماريش بۆ خه‌ڵكى كوردستانه‌".

مه‌حمود محه‌ممه‌د گوتيشى: "له‌ كوردستانيش به‌ گوێره‌ى چ بنه‌مايه‌ك بێت ئێمه‌ ئاماده‌ين. ئه‌گه‌ر به‌ خاڵ بێت ئێمه‌ له‌ هه‌موو لايه‌نه‌كان خاڵمان زياتره‌. ئه‌گه‌ر به‌ ئيستحقاق بێت، پشكى ئێمه‌يه‌. بۆيه‌ ئێمه‌ سوورين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌م ده‌وره‌يه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ پارتى ديموكراتى كوردستان بێت".

هه‌روه‌ها گوتى: "كانديد له‌ كوردستان زۆره‌، چ له‌ ناو مه‌كته‌بى سياسى و سه‌ركردايه‌تى پارتى بێت يان له‌ ناو خه‌ڵكى ديكه‌ بێت".

له‌ چه‌ند خولى رابردووى سه‌رۆكايه‌تيى كۆماردا، ئه‌و پۆسته‌ به‌ر يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان كه‌وتبوو.

پێشتريش هه‌ر له‌ باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، نێچيرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان، رايگه‌ياند، پارتى جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ واده‌ى دياريكراوى خۆيدا و له‌ 30ى ئه‌يلوولى داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئ.ر