پارتی دوا ھەڵوێستی لەبارەی دواخستنی ھەڵبژاردن رادەگەیەنێت
"لە دوو رۆژی داھاتوودا پڕۆژە ھاوبەشەكەمان لەگەڵ لایەنەكانی عێراق تاوتوێ دەكەین"
K24 - ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاشكرا كرد و جەختیكردەوە كە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت.
مەحموود محەمەد رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دوو تەوەری سەرەكی تاوتوێكران یەكێكیان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەوەی دیكەشیان چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق.
لەبارەی دەنگۆی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتەبێژی پارتی گوتی: "وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە بەھاری ساڵی رابردوودا بوو، بەڵام چەند لایەنێك داوای دواخستنیان كرد و پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو یەكڕیزی بەو داوایە قایل بوو، ئێستا كە بڕیاردراوە لە 30 ئەیلوولی ئەمساڵ ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ھیچ پاساوێك بۆ دواخستنی نییە، بەیانێكمان لەسەر ئەو بابەتە ئامادەكردووە و پێمان باشە ھەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت".
سەبارەت بە گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی عێراق رایگەیاند: "لە رابردوودا ھەوڵماندا لەگەڵ ھەموو لایەنەكان پڕۆژەیەكی ھاوبەش ئامادە بكەین، لەگەڵ یەكێتی گەیشتینە رێككەوتن كە بە پرۆژەیەكی ھاوبەش بچینە بەغدا، بەڵام تائێستا لایەنەكانی دیكە خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی ھاوبەشمان لەگەڵ یەكێتی پێكھێناوە و چەندین كۆبوونەوە لە ھەولێر بەغدا ئەنجامدراون و بەرھەمداربوونە، لەوە تێگەیشتووین كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆچوونیان لەسەر مەسەلەی كورد و بابەتە دەستوورییەكان چۆنە".
مەحموود محەمەد، گوتیشی: "لە دوو رۆژی داھاتوودا لیژنەی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی دەچێتە بەغدا و پڕۆژەی ئامادەكراو لەگەڵ ھەردوو كوتلەی گەورەی عێراق تاوتوێ دەكەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا لەگەڵ ھیچ كوتلەیەك رێكنەكەوتووین و لەگەڵ ھەموویان گفتوگۆمان كردووە، كامە لایەن لەگەڵ داخوازییەكانی ئێمە زیاتر بگونجێت لەگەڵ ئەو لایەنە زیاتر نزیك دەبینەوە و ھاوپەیمانێتی دروست دەكەین".
وتەبێژی پارتی روونیكردەوە: "ئێمە نامانەوێت كوتلەیەك دروست بێت و ئێمە بچین پەیوەندی پێوە بكەین، بەڵكو دەمانەوێت ئەو كوتلەیەی دروست دەبێت ئێمە لە كرۆكی ئەو ھاوپەیمانێتییە دابین نەك پێیەوە پەیوەست بین، دەبێ ئەو ھاوپەیمانێتییە پەیڕەوی ناوخۆی ھەبێت و ئێمە بەشداربین لە نووسینەوەی ئەو پەیڕەوە".
ھ.م