تیاگۆ ئامارال و یانەی هەولێر لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان نەگەیشتنە رێککەوتن

دوو یانەی عێراقی و دوو یانەی لوبنانی ئۆفەریان پێشکەشی تیاگۆ کردووە

تیاگۆ ئامارال لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر نەگەیشتە رێککەوتن و زەحمەتە بەیەکەوە بەردەوام بن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، گفتوگۆکانی نێوان یانەی هەولێر و تیاگۆ ئامارالی هێرشبەری بڕازیلی شکستیان هێناوە و تاکو ئێستا هەردوولا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان رێک نەکەوتوون و لەوانەیە هێرشبەرە بڕازیلییەکە یانەکەی قەڵا و منارە بەجێبهێڵێت.
هەژار مەعروفی بەڕێوەبەری کارەکانی تیاگۆ ئامارال بە کوردستان24ی راگەیاند، گەرچی دوو یانەی عێراقی و دوو یانەی لوبنانی و یانەی زێرەڤانی ئۆفەریان پێشکەشی تیاگۆ کردووە، بەڵام تیاگۆ بەهۆی خۆشەویستی بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر و ئاسوودەیی خۆی لە شاری هەولێر حەز دەکات لە یانەی هەولێر بەردەوام بێت و بڕی داوای گرێبەستەکەی زۆر کەمکردووەتەوە، بەڵام دەستەی کارگێری یانەی هەولێر داوایەکەی تیاگۆیان رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، تیاگۆ لە سەرەتادا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوای مووچەی مانگانەی 10 هەزار دۆلاری مانگانەی کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی یانەی هەولێر ئەو داوایەیان رەتکردبووەوە، تیاگۆ داوایەکەی زۆر کەمکردبووەوە، بەڵام دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر هەر بە داوایەکەی هێرشبەرە بڕزیلییەکە رازی نین.
تیاگۆ رۆڵیکی باڵای هەبوو لە سەرخستنی یانەی هەولێر بۆ خولی نایابی عێراق و لە پێنج یاریی پێنج گۆڵی تۆمارکرد و دوو گۆڵیشی دروستکرد، وەرزی رابردووش لەگەڵ یانەی زێرەڤانی بووە گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان.