كورد پۆستی زیاتر له كهركووك لهدهستدهدات
ژمارەی پۆستە لەدەستچووەكانی كورد لە كەركووك ئاشكرا دەكرێت
K24 - كەركووك
پۆستەکانی کورد لە کەرکووك، رۆژ بە رۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچن، بەجۆرێك ئێستا رێژەی پۆستەکان تەنانەت لەو 32% کەمترە، کە عەرەب و تورکمانەکان داوای دەکەن، بەرپرسێکی یەکێتی لە كەركووك پێی وایە ئێستا لە هەمووکات زیاتر کورد پێویستی بە یەکگرتوویی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبێتەوە و لە بەرامبەر هەوڵی شۆڤینییەکان بووەستینەوە، پەرلەمانتارێکی عێراقیش ژمارەی پۆستە لەدەستچووەکانی کورد لە کەرکووك ئاشکرا دەکات.
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پڕۆسەی تەعریب كردن لە كاتی داگیركردنی كەركووك دەستیپێكردەوە، ئێمە پێشتریش رامانوابوو كە نەھێڵین ئەو داگیركارییە ببێت، كێشەی نێوان حزبە كوردییەكان لە كەركووك ئەوەی دروستكردووە، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجوومەنێكی یاسایی و دەستوورییە، دەتوانێ كاری جیدی لەسەر كەركووك بكات و كەس نەتوانێ رێگریان لێبكات".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتیشی: "بۆ دۆخی ئێستای كەركووك یەكڕیزی ناوماڵی كورد و فشارەكانی خۆمان لە ھەمووشت گرنگترە، ئەگەر بتوانین بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلانێین، دەتوانین دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە كەركووك بپارێزین".
كورد زیاتر لە نیوەی رێژەی دانیشتووانی شاری كەركووك پێكدەھێنێ، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پۆستەكانی كورد لەو شارە لە 32% كەمترە، پەرلەمانتارێكیش ئەو پۆستانە ئاشكرا دەكات كە لە كورد سەندراونەتەوە.
لەوبارەوە بێستون زەنگەنە ، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: "ئێستا ھێز لای ئەوانەیە كە لە بەغدا دەسەڵاتدارن، بۆیە ئەوەی مەبەستیانە لە كەركووك دەیكەن، بەڵام كە پێشمەرگە گەڕایەوە كەركووك و حكوومەتی نوێی عێراق پێكھێنرا، كورد دەتوانێ بە ئیستحقاقی خۆی ئەو پۆستانە وەرگرێتەوە".
ئاشكراشی كرد: "رێژەی پۆستەكانی كورد ئێستا لە كەركووك لە 32% كەمترە، بەپێی زانیارییەكانی من 38 پۆست لە ئیدارەی كەركووك لە كورد وەرگیراوەتەوە، تەركیزیان كردووە لە كوێ كورد زۆرتربووە لەوێ بەڕێوەبەرەكانیان گۆڕیووە".
ھ.م