زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان بزانە
"بەریتانیا یەکەم هەنگاو بۆ قەدەغەکردنی دەنێت"
K24 – ههولێر:
تێرێسا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاندووە کە خواردنەوە وزەبەخشەکان لە هەرزەکارانی وڵاتەکەی قەدەخەدەکات بەهۆی ئەو زیانە تەندروستیانەی هەیانە.
زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان چین کە پزیشکان هۆشداری لەسەر دەدەن؟
خواردنەوە وزەبەخشەکان چین
ئەو خواردنەوانەن کە دەگوترێت باری هۆشیاری و فیزیکی مرۆڤ چالاکتر دەکەن. رێد بول، مۆنستەر و رۆکستار لە گەورەترین براندەکانی بەرهەمهێنانی خواردنە وزەبەخشەکانن.
خواردنەوە وزەبەخشەکان لە چی پێکدێن؟
برێکی زۆر لە کافێین و شەکریان تێدایە. بۆ هەر بتڵێکی 250 ملیلیتری، 80 میلیگرام کافێینیان تێدایە واتە بڕی کافێینەکەی دوو هێندەی کافێینی کوپێک قاوەیە.
رێژەی زۆری شەکر و چەند ماددەیەکی دیکەی وەک گوارانا، کارنیتاین و تاورینیان تێدایە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەکەن.
زیانەکانی بۆ منداڵان
راینۆن لامبێرت، پسپۆری خۆراک لە دامەزراوەی هارلێی ستریت، پێیوایە هیچ هۆکارێک نییە منداڵان ئەو جۆرە خوردنەوانە بخۆنەوە و لە ئەگەری خواردنەوەشیاندا، ئەگەری هەیە منداڵان دووچاری بەرزی فشاری خوێن، هەستی رشانەوە، رشانەوە و تەشەنوج ببن.
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، کە گۆڤاری نێودەوڵەتی هێڵس ساینس ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە، زۆر خواردنەوەی خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ منداڵان دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، بێ خەوی، تێکچوونی گەدە، سەرئێشە و بزێوی، ئەمەش جیا لەوەی بەهۆی زۆری شەکرەکەی کاریگەری خراپ لەسەر دداننەکان جێدەهێڵێت.
زیانەکانی بۆ کەسی پێگەشتوو
بەهۆی زۆری کافێین و شەکر، خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەری تەندروستی خراپ لەسەر لەشی مرۆڤ جێدەهێڵن بەڵام کاریگەری ئەو خواردنەوانە بۆ کەسانی پێگەشتوو کەمترە تاکو منداڵان.
پسپۆڕان هۆشداریشدەدەن لە تێکەڵکردنی رێد بوڵ لەگەڵ خواردنەوە کحوولییەکان، پێیان وایە زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان زیاتر دەکەن و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەمکردنەوەی زیانی کحوولەکە نییە.
سەرچاوە: رۆژنامەی ئیندیپێندت
H.J