دوای ئاوابوونی خۆری کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەریکە کەریم بێنزێما دەدرەوشێتەوە
جولیان لۆپیتێخی: کەریم بێنزێما دەتوانێت ئەم وەرزە 40 گۆڵ تۆمار بکات
کەریم بێنزێما لە دەستپێکی ئەم وەرزە لە کۆی سێ یاریی لالیگا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە، کە لەوەتەی 2009 یەکەمجارە ئەو هێرشبەرە فڕەنسییە بەمشێوەیە دەست بە وەرزی نوێ بکات.
کەریم بێنزێما بەرامبەر لیگانێس دووانەی تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزە لە سێ یاریی دەستپێکی خولەکە گەیاندە چوار گۆڵ، لە کاتێکدا ئەو هێرشبەرە فڕەنسییە وەرزی رابردوو لە سەرجەم یارییەکانی لالیگا تەنیا پێنج گۆڵی تۆمارکردبوو، تەنانەت لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2009وە پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە، یەکەمجارە کەریم بەمشێوەیە دەربکەوێت.
دوای بردنەوەکەیان لە لیگانێس کە بە ئەنجامی 4-1 سێیەم سەرکەوتنی لەسەر یەکیان لە لالیگا بەدەستهێنا، جولیان لۆپیتێخی راهێنەری ریال ەمدرید لەبارەی ئاستی کەریم گوتی 'من هیچ یاریزانێکم بەرز نەکردووەتەوە، کەریم بێنزێما خۆی یاریزانێکی مەزنە، ئەو بە هەموو توانایەوە یاریی دەکات، ئەو بە هاوکاریکردنی یانەکەی دڵخۆشە، بۆ تاکو کۆتایی ئەم وەرزە 30 بۆ 40 گۆڵ تۆمار نەکات؟ کەریم دەتوانێت ببێتە گۆڵکاری لالیگا، بەڵام تیپەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە'.
کەریم بێنزێما دوای تۆمارکردنی دووانەکەی لە دژی لیگانێس ریکۆردی تۆمارکرد و گۆڵی لە سەرجەم ئەو یانانە تۆمارکردووە کە لە لالیگا رووبەڕوویان بووەتەوە، کەریم لە کۆی ئەو 33 یانە ئیسپانییەی لە دژیان وەستاوەتەوە 131 گۆڵی کردووە.
