كۆمەڵی ئیسلامی: پێویستە ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت

پارتی: پێویست ناكات جارێكی دیكە تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوە

K24 - ھەولێر       

دوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی و شاندی كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرپەرشتی عەلی باپیر. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە خرایەڕوو، جەختیشیان لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی دیاریكراودا كردەوە.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: "پارتی و یەكێتی، پڕۆژەیەكیان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق ئامادەكردووە و ھەركاتێك ئەو پڕۆژەیە گەیشتە دەستمان وەك چوار لایەنەكە تاوتوێی دەكەین و بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی عێراقی دەدرێت كە پێكەوە یان بە جیا بەشداری لە حكوومەتی داھاتووی عێراق دەكەین".

لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان عەبدولستار مەجید گوتی: "وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەداین كە ھەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت و پەرلەمانی نوێی دەستبەكاربێت و كابینەیەكی نوێی حكوومەت پێكبھێندرێت".

لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ھەموو لایەنەكان باش بێت لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان، پێویستە ئەو شتانەی لە رابردوو روویانداوە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و چاكبكرێنەوە".

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: "كۆبوونەوەمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی سێ تەوەری سەرەكی لەخۆگرتبوو، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق، پەیوەندییەكانی نێوانمان، بە پێویستمانزانی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانمان بكەین".

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەگەری دواخستنی گوتی: "پێشتر تەمەنی پەرلەمان درێژكراوەتەوە و رەخنەی زۆر لەو بڕیارە گیراوە، ئێستا پێویست ناكات جارێكی دیكە دەست بۆ ئەو بابەتە ببەین، بەڵكو دەبێ پشتیوانی بەھێز بۆ حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان پەیدا بكەین و لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەموو لایەنەكانی ھەرێمی كوردستان ھەڵبدرێتەوە".

پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەوە ھاوڕان كە دەبێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ھ.م