به ڤیدیۆ.. ئیڤان خالید ره‌خنه له یانه‌ی هه‌ولێر ده‌گرێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه یانه‌كه‌ی
ده‌ڵێت: یانه‌ی هه‌ولێر رووخابوو، ئێمه دروستمان كرده‌وه
ھەولێر بۆ خولی نایابی عێراق گرێبەستی لەگەل 6 یاریزان واژوو كردوە و ئه‌و یاریزانانه‌شی گه‌ڕانده‌وه كە وەرزی رابردوو پەیوەندیان بە یانەكانی ناوەراست و خواروی عێراق كردبوو، به‌ڵام یه‌كێك له یاریزانه دیاره‌كانی یانه‌كه ره‌خنه له بڕیاره‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌گرێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه به‌و بارودۆخه جارێكی دیكه یاری بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بكاته‌وه.
ئیڤان خالید ناوه‌راستكاری یانه‌ی هه‌ولێر له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه زه‌حمه‌ته جارێكی دیكه بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بگه‌ڕێته‌وه، ده‌شڵێت: یانه‌ی هه‌ولێر رووخابوو، ئێمه یانه‌كه‌مان بنیاتنایه‌وه، كه‌چێ ئێستا به‌رپرسانی یانه‌كه ده‌یانه‌وێت به كه‌سانی تر سه‌رله‌نوێ یانه‌كه‌مان بنیات بنێنه‌وه و جوانتری بكه‌ن، له كاتێكدا ده‌بوو هه‌ر ئێمه ئه‌و كاره‌مان كردبا، نه‌ك كه‌سانی تر.
له وه‌ڵامێكی كوردستان24، ئیڤان خالید ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م یانه‌كانی كوردستان ئۆفه‌رییان پێشكه‌ش كردووم، له‌گه‌ڵ به‌شێك له یانه‌كانی به‌غدا، به‌ڵام من نامه‌وێت په‌له بكه‌م و جارێ هیچ بڕیاریك بده‌م.
ئیڤان خالید له یانه‌ی هه‌ولێر پێگه‌یشتووه و پێشتر ناسناوی لاوان و خولی نایابی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه بردۆته‌وه، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش له خولی نایابی عێراق یاری بۆ یانه‌ی زاخۆش كردووه.