گۆڕانكاریه ئیدارییه‌كانی سلێمانی نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه
"بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا پێشێلكردنی یاسایە"
K24 - سلێمانی
ئه‌ندامانی ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى نیگەرانى خۆیان ده‌رباره‌ی گۆڕانكاری له پۆستە ئیدارییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەرده‌بڕن. ئەو گۆڕانكارییه‌كان بەبێ ئاگادارى و گه‌ڕانه‌وه بۆ بڕیاری ئه‌نجوومه‌ن به پێشێلكردنی یاسای ئه‌نجوومه‌ن ده‌زانن.
وەك خۆیان باس دەكەن زۆرن ئەو گۆڕانكاریانەی فراکسیۆنەکانى ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نیگەران كردووە، یەكێك لەو گۆڕانكاریانە، دانانى كه‌سێكە له پۆستى سەرۆكی شارەوانى گەرمیانە، كە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بووە. نیگەرانیەكی دیكەی ئەنجوومەنەكە ئەوەیە بەشێك لە پۆستە ئیدارییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بە وەکالەت به‌ڕێوه ده‌برێن.
لەوبارەوە ئەنوه‌ر تاهیر، جێگری سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دەڵێت: "ھەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە ئەو گۆڕانكاریانە بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەن پێێلی یاساییە".
سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگارى سلێمانى، بەشێك لەو پۆستە ئیداریانە ئاشكرا ده‌كات، كه بێ ئاگاداری ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى گۆڕانكاریان تێداكراوه، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش به پێشێلكردنی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌زانێت و رایدەگەیەنێت، دانانی به‌رپرسه ئیدارییه‌كان ده‌بێت له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاوه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و متمانه‌ی پێبدرێت.
ھەروەھا زیاد کاکە رەزا، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بە كوردستان24 گوت: "ھەموو لایەكمان دەڵێین با پۆستی بە وەكالەت لە سێ مانگ زیاتر نەبێت، بەڵام ئێستا لە سلێمانی گۆڕانكاری لە ھەندێك پۆست دەكرێت و خەڵك بە وەكالەت دادەنرێت، نازانین مەبەستیان لەوە چییە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە كە ئەنجوومەن دەنگ و سەنگی نەبێت، كارێكی خراپە، چونكە ئەنجوومەن بە دەنگی خەڵك ھەڵبژێردراوە و بەپێی یاسا ئەنجوومەن دەسەڵاتی یەكەمی شارە".
بەپێى ئەو دەسەڵاتانەى دراوە بە ئەنجوومەنەکانى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەبێت گۆڕانکارییەکان لە پۆستى بەڕێوهبەرایەتەیە گشتییەکان و پارێزگار و جێگرەکانى پارێزگار و دەبێت ئەندامانى ئەنجوومەن پارێزگاکان دەنگى لەسەر بدەن.
ھ.م