یاسایەکی گەورەی چامپیۆنزلیگ دەگۆڕێت

لەمەودوا گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆت بە دوو گۆڵ هەژمار ناکرێت

راهێنەری یانە گەورەکانی ئەوروپا داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەکەن یاسای (گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت) هەڵبگیرێت و چیدیکە لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ کار بەم یاسایە نەکرێت.

لە کاتی کۆبوونەوەیان لە سویسڕا لەگەڵ یوێفا، راهێنەری یانە گەورەکانی ئەوروپا داوایان لە یوێفا کردووە یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت هەڵبوەشێنرێتەوە و چیدیکە کار بەم یاسایە نەکرێت، کە بە گوێرەی ئەم یاسایە هەر کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆت گۆڵێکت کرد، بەهۆی گرنگی گۆڵەکەوە بە دوو گۆڵ هەژمار دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە خۆزێ مۆرینهۆ، ئۆنای ئێمری، ئارسن ڤینگەر، جولیان لۆپیتێخی، ماسیمیلیانۆ ئەلێگری، کارلۆ ئەنچیلۆتی تۆماس تۆخێل بەشدارییان تێداکرد، داوایان لە یوێفا کرد پێداچوونەوە بەم یاسایە بکرێت، چونکە ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و وەکو جاران گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت ئەوەندە ئەستەم نییە.

جۆرجیۆ مارکێتی، سکرتێری گشتی یوێفا رایگەیاندووە، راهێنەرەکان پێیانوایە کارکردن بەم یاسایە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو یانانەی لە یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن، زیاتر بەرگری بکەن، چونکە ئەگەر گۆڵیان لێبکرێت گۆڵەکە نرخی لە گۆڵێکی ئاسایی زیاترە و بە دوو گۆڵ هەژمار دەکرێت، بۆیە مارکێتی بەڵێن دەدات بەمزووانە بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە بدرێت.

یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەکەت لەوەتەی جامی جامەکانی ئەوروپا لە ساڵی 1965وە کاری پێدەکرێت، ئەوکات بەهۆی ئەوەی گەشتکردن بۆ وڵاتێکی دیکە دەبووە هۆی ئەوەی خەرجییەکی زۆر لەسەر یانەکانی ئەوروپا بکەوێت، یانیش بۆ یەکلاکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەکە دوای دوو یاریی چوون و گەڕانەوە ناچار دەبوون یارییەکی یەکلاکەرەوە لە وڵاتێکی بێلایەن ئەنجام بدرێت، بڕیاریان دا هەر یانەیەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گۆڵ بکات، گۆڵەکەی بە دوو گۆڵ هەژمار بکرێت، بەڵام لەسەر داوای راهێنەرەکان پێشبینی دەکرێت بەمزووانە ئەم یاسایە هەڵبوەشێتەوە.

یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت چۆنە؟

وەرزی رابردوو لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاتێک بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆی لە کامپ نوو بە ئەنجامی 4-1 لە رۆمای بردەوە، لە یاریی گەڕانەوە رۆما بە ئەنجامی 3-0 بردنەوەی بەدەستهێنا، گەرچی هەردوو یانە لە رووی ژمارەی گۆڵەوە 4-4 یەکسان بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆما لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گۆڵێکی کردبوو، بارسا هیچ گۆڵێکی لە یاریگەی ئۆلمپیکۆ پێنەکرا، بووە هۆی ئەوەی رۆما بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، واتە گۆڵەکەی رۆما لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە قەبارەی گۆڵێکی ئاسایی زیاتر مامەڵەی لەگەڵ کرا.