كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكرێت

پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆك کۆمار ناکۆکن

K24 - ھەولێر

بەرپرسێکی یەکێتی ئاشکرای دەکات پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی یەکلایی بووەتەوە و بەم نزیکانە کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە ئاشکرا دەکەن لە بەرامبەردا پارتی رەتیدەکاتەوە لەگەڵ یەکێتی گەیشتبنە رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، پارتی دەڵێت ئەو پۆستە بۆ هەموو کەس نابێت.

دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئێستا کۆشکی کۆماری چاوەرێی کەسێك دەکات لە جێگەی فواد مەعسووم  بۆ چوار ساڵ ئە و پۆستە وەر بگرێت. بەپێی رێککەوتنی لایەنەكان ئەو پۆستە بۆ کوردە لەنێو کوردیش لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلای نەکراوەتە، بەڵام بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت، بۆ ئێمە یەکلایی بووەتەوە، دەشڵێت لە نێو یەکێتی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە پۆستەكە بە کێ دەدرێت، بەم  نزیکانە یەکلای دەکرێتەوە.

ئازاد جۆڵا، کارگێری بەشی پەیوەندییەکانی یەکێتی نێشتیمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێشتا ھیچ كاندیدێك بە فەرمی لەناو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیارنەكراوە و دەرفەت ماوە، ئەوانەی تائێستا ناویان ھاتووە بریتین لە فوئاد مەعسووم ئامادەباشی دەربڕیووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە، ھەروەھا محەمەد سابیر و دكتۆر بەرھەم ناویان ھاتووە، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەبێتە سەرۆك كۆمار لەناو كورد یەكێتی دەبێت".

پارتی رایگەیاندووە، پۆستی سەرۆک کۆمار بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن هی پارتییە و پارتی ئەو پۆستە وەردەگرێت بەرپرسێکی پارتی رەتیدەکاتەوە لەگەڵ یەکێتی گەیشتبنە رێککەوتن لەسەر ئەو پۆستە. ئەو بەپرسەی پارتی دەشڵێت، پۆستی سەرۆک کۆمار نادرێتە هەموو کەسێك.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی پارتییەوە و جەماوەر و كادیرانی پارتی داوا لە ھزبەكەیان دەكەن چیتر پۆست و ئیستحقاقی خۆی نەداتە حزبەكانی دیكە، بێ ئەوەی بۆ گەلی كورد سوودی ھەبووبێت".

گوتیشی: "ئەو كەسەی بۆ ئەو پۆستە دیار دەكرێت لە پۆستەكە گرنگترە، ئەو كەسەی سەرۆك كۆمارە دەبێ قسە بكات و لەسەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان بێتەدەنگ، بەداخەوە لە رابردوو لەپاش جەنابی مام جەلال ئەوەمان لە سەرۆك كۆمار نەدیت".