فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسیا بە 14 سەرنشینەوە لە سووریا ون دەبێت

"لە کاتی هێرشی چوار فڕۆکەی ئیسرائیل بووە بۆ سەر سووریا"

K24 – هه‌ولێر:

لەکاتی هێرشەکانی دوێنێ شەوی "فڕۆکەکانی ئیسرائیل" بۆ چەند ناوچەیەکی شاری لازیقیەی سووریا، فڕۆکەیەکی سەربازی رووسی لە جۆری ئای ئێل- 20 بە 14 سەرنشینەوە لە شاشەی رادارەکان ون دەبێت و تاکو ئێستا بێسەروشوێنە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، وەزارەتی بەرگری رووسیا ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردۆتەوە و ئاشکرای کردووە،" لەکاتی هێرشی چوار فڕۆکەی ئیسرائیل بۆ لازیقیە، بنکەی ئاسمانی حمێمیم پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەمان پچڕاوە، گەڕانیش بە دوای ئەو فڕۆکەیە بەردەوامە".

لای خۆیەوە، سوپای سووریا، لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ شەو رایگەیاند: "هێرشێکی دەرەکی کە لە دەریاوە ئەنجامدراوە کراوەتە سەر وێستگەیەکی وزە و دوو پێگەی سەربازیی سوپای سووریا لە لازیقیە، بەهۆیانەوە 7 هاووڵاتی برینداربوون".

سەرەتای ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئەوان هێرشیانکردۆتە سەر "202 پێگەی ئێران لە سووریا و لەو هێرشانەش بەرەوام دەبن"، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو هێرشانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام درابن، بەڵام تاکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

H.J