داوا لە كورد دەكرێت تەنیا كاندیدێك بۆ سەرۆك كۆمار پێشكەش بكەن
"ئەگەر كورد یەكلایی نەكاتەوە خۆمان كاندیدێك ھەڵدەبژێرین"
K24 - ھەولێر
ئەحمەد ئەلسەدر، نوێنەری موقتەدا سەدر رێبەری هاوپەیمانێتی سائیروون، بە ناوی هەموو هاوپەیمانێتی چاکسازی بونیادنانەوە داوا لە کورد دەكات لەسەر کاندیدێك بۆ سەرۆکایەتی کۆمار رێککەون. دەشڵێت، ئەگەر کورد لە ناوخۆیاندا کاندیدێکیان نەبێ، ئەوا ناچارن خۆیان یەکێك لە کاندیدەکان هەڵبژێرن.
هاوپەیمانێتی چاکسازی و بونیاد کە هەر یەکە لە بەرەی عەبادی و بەرەی سەدر سەرکردایەتی دەکەن جارێکی دیکە لە هۆتێل بابل لە بەغدا شەن و کەوی رۆژەڤی عێراقیان کرد، عەبادی و عەلاوی و ئەحمەد ئەلسەدر دیارترین ئەو کەسانە بوون کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، لایەنە کوردییەکان کە ئێستا چەند کاندیدێکیان هەیە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بوونە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە، ئەمە وایکرد بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوایەك لە کورد بکەن.
ئەحمەد ئەلسەدر، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی چاکسازی و بونیاد لەوبارەوە گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندبن بەو کاتەی بەپێی دەستوور دیاریکراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، هەروەها هانی برایانی کورد دەدەین لەسەر کاندیدێك بۆ سەرۆکایەتی کۆمار رێکبکەون، خۆ ئەگەر ئەوە روونەدات ئێمە ناچار دەبین کاندیدێکیان هەڵبژێرین".
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە دوا وادە بوو بۆ پێسکەشکردنی ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و پارتی و یەکێتیش هەر یەکەیان پاڵێوراوی جیایان هەیە بۆ ئەو پۆستە، ئەمە جیا لەو پاڵێوراوانەی بە شێوەی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی دیکەی دیاریکراو ناویان پێشکەشکردووە. هاوکات بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە داواکراوە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا بکرێت تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو پەرلەمانتار نەتوانێ لە فراکسۆنێکەوە بەرەو یەکێکی دیکە بروات و داواشکراوە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانی بونیاد و هێزە کوردییەکان لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو دەستپیبکات.
ھ.م