به‌ڤیدیۆ.. گروپه چه‌كداره‌كان عه‌فرین ده‌كه‌نه موڵكی باب و باپیرانیان
چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ست به‌سه‌ر به‌رهه‌می جووتیارانی عه‌فریندا ده‌گرن
K24- هه‌ولێر:
گروپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له عه‌فرین جگه له ده‌ستگیركردن و رفاندنی هاووڵاتیان، ئه‌مجاره جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، عه‌فرین خاكی باب و باپیرانیانه و سوپاسی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیاش ده‌كه‌ن، كه ئه‌و شاره جوانه‌ی به‌وان به‌خشیوه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، چه‌كدارانی سه‌ر به فیرقه‌ی سوڵتان موراد له عه‌فرین ده‌ستیان به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی زه‌یتوونی چه‌ند جوتیارانی گوندی "مه‌یدانكێ" له سنووری عه‌فریندا گرتووه و لێیان سه‌ندووه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی روانگه‌ی ناوبراو، ئه‌گه‌ر جووتیارانی عه‌فرین باج به‌و گروپه چه‌كدارانه نه‌ده‌ن، ئاگر له باخه‌كانیان به‌رده‌ده‌ن و دره‌خته‌كانیان ده‌سووتێنن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له دیمه‌نه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له پارێزگای دێرزوور دوپاتده‌كه‌نه‌وه، عه‌فرین خاكی باب و باپیرانیانه و ئه‌وان سوپاسی سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌و شاره جوانه.
له 18ی مارسی ئه‌مساڵه‌وه شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن سوپای توركیا و ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه داگیركراوه، كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان و چالاكوانانیش، ئه‌و چه‌كدارانه ده‌ستیان به پێشێلكاری و تاوانی جیاوازی وه‌ك رفاندن، ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوردانی سنووری ئه‌و شاره كردووه، وێڕای زیادبوونی تاوانی دزی و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی هاووڵاتیان، ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و زه‌وی و موڵكی خه‌ڵكی عه‌فریندا گرتووه و، له‌شوێنی ئه‌وان عه‌ره‌بی هاورده‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی سووریا له‌و شاره نیشته‌جێ ده‌كه‌ن.
به‌ر له قه‌یرانی سووریا له ئاماره‌كانی ساڵی 2011، رێژه‌ی دانیشتوانی شاری عه‌فرین زیاتر له 95% له پێكهاته‌ی كورد بوو، به‌ڵام دوای داگیركردنی ئه‌و شاره ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له‌و شاره ده‌ربه‌ده‌ر بوون و له‌شوێنی ئه‌وان عه‌ره‌ب نیشته‌جێ كران.
H.B