شاخەوان عەبدوڵڵا: لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێیان باشە كورد یەك كاندیدی ھەبێت

پۆستی سەرۆككۆمار دەبێتە گرێ كوێرە

K24 - ھەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە كوردستان24 راگەیاند: "لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێیان باشە كورد بەیەك كاندید بچێتە ھۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی نێو ماڵی كورد بە یەكگرتووی بمێنێتەوە".

گوتیشی: "پۆستی سەرۆك كۆماری پێویستی بە كەسێكە كە بە كردەیی نوێنەرایەتی كورد بكات و لایەنەكانی عێراقیش بەروونی پێیان راگەیاندووین كە پێویستە سەرۆككۆماری داھاتوو كەسێكی كارا بێت و رۆڵی سەرەكی خۆی ببینێت".

ئەمە لەكاتێكدایە راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كاندیدكردووە گەیشتە 24 كەس و 6 كەسیش لەو كێبڕكێیە دوورخراونەتەوە، كە مەرجە یاسایی و دەستوورییەكانیان تێدانەبووە. جگە لە كاندیدە كوردەكان، ژمارەیەك كەسایەتی عەرەبیش خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە.

ھ.م