نێچیرڤان بارزانی: سەرەڕای قەیرانەكان لە پشتیوانی خوێندن و پەروەردە سستیمان پێوە دیار نەبووە

قوتابییە یەكەمەكان خەڵاتكران

K24 - ھەولێر

لە رێوڕەسمێكدا لە ھەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوتابییە یەكەمەكانی پۆلە ناكۆتاكان و ئەو كەسانەی خەڵاتكرد كە قوتابخانەیان دروستكردووە و رایگەیاند "سەرەڕای قەیرانەكان لە پشتیوانی خوێندن و پەروەردە سستیمان پێوە دیار نەبووە".

لە وتارێكدا لەو رێورەسمەدا نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابییە یەكەمەكان كرد و رایگەیاند: "ئێوە مایەی شانازین نەك ھەر بۆ خێزانەكانتان، بەڵكو بۆ حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان و گەلی كوردستان، پێشانی ھەموو لایەكتاندا سەرەڕای ھەموو كەموكوڕییەكان رەوتی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەتوانێ دەستكەوتی گەورە بە دەستبێنێ، سەركەوتنی ئێوەش جارێكی دیكە دەریخست كە زیرەكی قوتابی بە ژمارەیەك بۆ خۆیی و مامۆستاكانی دەگەڕێتەوە، ئینجا بۆ ھەلومەرج و دۆخی سیاسی وڵات، ھیوادارم ببن بە نموونە و قوتابییەكانی دیكەش چاو لەئێوە بكەن، شاعیری گەورەی كورد فایەق بێكەس، 70 ساڵ پێش لەمەوبەر فەرموویەتی "دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە، رەوشتی پاك و خزمەتكردنە"، ھەروەھا نووسەری ئەمەریكی ولیەم ئیگڵتن، لە كتێبێكیدا بەناونیشانی كۆماری مھاباد دەڵێ "لە شۆڕشی ئەیلوول دا ھەركاتێك قوتابییەك دەھاتە ریزی پێشمەرگە بارزانی بانگی دەكرد و دەیناردەوە بۆ سەر خوێندنەكەی، پێی دەگوت بڕۆ جارێ خوێندنەكەت تەواو بكە، چونكە ئێمە زیاتر پێویستمان بە زانست و خوێندنە، وەك خەباتی چەكداری، قسەی ئەو شاعیرە و قسەی ئەو گەورە پیاوە بەڵگەن بۆ گرنگی خوێندن لای كورد".

نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "ئێمە لە حكوومەتی كوردستان وێڕای دۆخی ساڵانی رابردوو، قەیرانە خراپەكان لەسەر پەروەردە ھیچ رۆژێك سستیمان لە پشتیوانی بۆ پەروەردە و خوێندن پێوەدیار نەبوو، ژمارەی زۆری قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان، بەڵگەن بۆ قسەی ئێمە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە ئێستا كوردستان لە قۆناخێكی دیكەدا دەبوو، داعش خەنجەرێكی نامەردی بوو لە ھەرێمی كوردستان درا، داعش ئەوەندەی گورزی لە كوردستان دا لە ھیچ شوێنێكی دیكەی نەدا".

ھەروەھا سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان سوپاسگوزاری ئاراستەی ئەو خاوەنكارانە كرد كە لە چەند ساڵی رابردوودا قوتابخانە و ناوەندەكانی دیكەی خوێندنیان دروستكردووە.

ھ.م