سبەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت
زیاتر لە 2 ملیۆن و 900 ھەزار كەس دەنگدەدەن
K24 - ھەولێر
سبەی یەكشەممە 30/9/2018 دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و 32 لیست و ھاوپەیمانێتی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆترین دەنگ دەکەن.
لە دەنگدانی گشتی 2 ملیۆن و 914 ھەزار و 992 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە لە پارێزگاكان بەمشێیوەیە، لە ھەولێر ملیۆنێك و 36 ھەزار و 414 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە و لە پارێزگای دھۆك 677 ھەزار و 797 دەنگدەر و لە سلێمانیش ملیۆنێك و 134 ھەزار و 760 دەنگدەر و لە ھەڵەبجە 66 ھەزار و 16 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان، كۆمسیۆن ناوی ئەو كەسانەی سڕیووەتەوە كە تەمەنیان لە سەرووی 90 ساڵە و بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سەردانی بنكەكانیان نەكردووە.
بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی، هەزار و 260 بنکەی دەنگدانی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، کە دەکاتە 5 هەزار و 933 وێستگەی دەنگدان، هەروەها 42 هەزار و 170 فەرمانبەر سەرپەرشتی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن. هەروەها 773 کاندید لە لیستە جیاوازەكان کێبڕكی لەسەر بوون بە ئەندامی پەرلەمان دەکەن، کە لەنێویاندا 532 پیاو و 241 ئافرەت هەن.
پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی پێکدێت، لەو ژمارەیەشدا 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان دابینکراوە، بەشێوەیەك کریستیانەکان 5 کورسی، تورکمانەکان 5 کورسی. بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێژەی 31% بۆ ژنان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستان دژ بە حکوومەتی بەعس، تائێستا چوار خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، کە لە هەر خولێکیشدا چەندین هاوپەیمانێتی و لیست بۆ بەشداریکردن پێکهێندراون. بۆ خولی پێنجەم هەڵبژاردن بەشێوەی یەك بازنەی نیمچەکراوە بەڕێوەدەچێت.
كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی لەم ھەڵبژاردنە مافی دەنگدانیان لە ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیدا ھەیە 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەسە، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا 174 هەزار و 148 دەنگدەری تایبەت هەن. كە رۆژی 28/9/2018 ھەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو، ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان دەنگیاندا. بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەكان لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی بە دەستھێناوە.
ھ.م