كۆمسیۆن داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات پرۆسەكە وەكخۆی بگوازنەوە
دەنگدەران دەتوانن لە رێگەی لینكەكانی كۆمسیۆن ئەو بنكەیە بدۆزنەوە كە دەنگی لێدەدەن
K24 - ھەولێر
ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پرۆسەكە لە سنووری ھەولێر بە باشی بەڕێوەدەچێت، لە سنووری شاری ھەولێر 499 بنكە و دووھەزار و 142 وێسگەی دەنگدان ھەیە و ژمارەی دەنگدەران ملیۆنێك و 36 ھەزار و 419 دەنگدەرن".
گوتیشی: "دەنگدەران دەتوانن لە رێگەی ژمارەی فۆڕمی خۆراك بتوانن لە رێی لینكی پەیج و سایتی كۆمسیۆن ناوی خۆیان بدۆزنەوە كە لە كام بنكە دەتوانن دەنگبدەن".
راشیگەیاند: "پێویستە ئەو دەنگدەرانەی بەڵگەیان پێ نییە و ھاتوونەتە بنكەكانی دەنگدان بچنەوە ماڵ و بەڵگەكان بێنن، چونكە ھێشتا كاتی زۆر بەدەستەوە ماوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن".
داواشی لە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن كرد: "وەك دەنگدانی تایبەت پابەندبن بە رێنماییەكان و لە ھیچ فەرمانبەرێكی كۆمسیۆن قبوڵ ناكرێت سەرپێچی بكات كە كۆمسیۆن دەریكردوون".
ئارام نەجمەدین، ئەوەشی خستەڕوو: "داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین وەكخۆی پرۆسەكە بگوازنەوە، ئەگەر پێچەوانەكەی بێت كۆمسیۆن ھەڵوێستی دەبێت".
روونیكردەوە: "ناوی دەنگدەران لەسەر بنەمای فۆڕمی خۆراكە، بۆیە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی مادەی 140 و پارێزگاكانی دیكە كە لە كوردستان نیشتەجێن ناتوانن دەنگبدەن".