مه‌سروور بارزانی و هادی عامری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی نوێیان تاووتوێكرد

مه‌سروور بارزانی و هادی عامری كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی, له‌ هادی عامری, سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كرد.

له‌ دیدارێكدا، دوا پێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق تاووتوێكرا و هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌ پێویستی پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستوور و رێزگرتن له‌ مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا، هادی عامری پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و هیوای خواست هه‌نگاوێكی كاریگه‌ر بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخه‌كان.

 له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، مه‌سروور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ پێویستی بنه‌مای شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و سازان كرد و داوای كرد, هادی عامری رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕێت بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م بنه‌مایانه‌.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی رۆڵ و توانای عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقی فیدراڵ رایگه‌یاند، به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ كه‌سێكی شیاو ده‌زانین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، هیوادارین هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنێكی  خێرا و گونجاوی كێشه‌ و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور بخاته‌گه‌ڕ، هه‌روه‌ها كار بكات بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تی و رۆژانه‌ییه‌‌كان بۆ هاووڵاتیانی عێراق.

ئ. م