ئازاد تۆفیق وەک پارێزگاری نوێی هەڵەبجە دەستبەکاربوو

"هیوادارم بە روو سووری لێرە بڕۆمە دەرەوە"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجە، لە رێوڕەسمێکدا و لە دوای ئاڵۆگۆڕی پۆست لەگەڵ عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە فەرمی دەستبەکاربوو.

ئازاد تۆفیق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی رایگەیاند: "کاتێک باس لە پارێزگای هەڵەبجە دەکەین نابێت تەنها باس لە شاری هەڵەبجە بکەین، بەڵکو پارێزگای هەڵەبجە، ناوچەکانی شارەزوور و هەورامانیش دەگرێتەوە کە ئەم سێ ناوچەیە هەمیشە پێکەوە لە شۆڕش و خەباتی کورد پێکەوە بەشداربوون".

پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند: "شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لەم دەڤەرە دەستیپێکردووە، لە تەواوی کایە ئەدەبی و سیاسییەکان هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان دەستی باڵایان هەبووە. ئێمە لەو قەرەبووانە خۆشنابین کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیداتەوە بە هەڵەبجە لە پێناو ئەو هەموو قوربانییە".

لە کۆتایی قسەکانی ئازاد تۆفیق گووتی: "هیوادارم چۆن بە روو سووری هاتووم لێرە دەستبەکاربووم، ئاواش بە روو سووری بڕۆمە دەرەوە".

H.J

Fly Erbil Advertisment