بهوێنه و ڤیدیۆ.. گهردهلوول و خۆڵبارینێكی چڕ دهۆك و شنگال دادهپۆشێت
خهڵك دهترسێت
K24- ههولێر:
پهیامنێری كوردستان 24 له سنووری قهزای شنگال رایگهیاند، له دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوه، خۆڵبارینێکی چڕ و گەردەلوولێکی بههێز، پارێزگای دهۆك و قەزای شنگال بە هەموو ناحیە و گوند و کۆمەڵگاکانییەوە تهنیوه.
سەبارەت بەم دیاردە سروشتییە، خودێدا جۆکی، بەڕێوەبەری سەپێندراوی ناحیەی سنوونێ بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەو جۆرە خۆڵبارینه لەو دەڤەرانه دیاردەی سروشتین و لەم وەرزهی ساڵ سەرهەڵدەدەن و بۆ ههر رووداوێكییش لایەنە پەیوەنیدارەکانمان له ئامادەباشیدان.
لای خۆیەوە، دکتور حەیدەر بێناڤ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سنوونێ بۆ کوردستان24 دووپاتیكردهوه، "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەهۆی ئەم خۆڵبارینەوە رووینەداوە، بەڵام ئەم خۆڵبارینە مەترسی جدی لەسەر ژیان و تەندروستی هاوڵاتییان دەبێت، دوو کەسیش کە كێشهی ههناسهتهنگییان هەیە، گەییندراونهته نەخۆشخانەکەمان".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سنوونێ ئاماژە بەوەشدا "دەرگای نەخۆشخانەی سنوونێ بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کراوە دەبێت".
هاوڵاتی سەلام شنگالی کە خەلكی کومەڵگای دەهۆڵایە لهبارهی ئهو دیارده سروشتییهوه گوتی: "هاوڵاتییان لەم گەردەلووله دەترسێن، بەتایبەتی ئەوانەی خانوویەکانیان لە خۆڵ دروستکراون، چونکە دەترسن خانووەکانیان بەسەریاندا بڕۆخێن".
لە رابردووشدا، ئەم جۆرە خۆڵبارین و گەردەلوولانە لە دەڤەری شنگاڵ روویانداوه و هەر جار زیان و زەرەری زۆری تەندروستی و مادی بهدوای خۆیدا هێناوه.
H.B



