فرسه‌ت سۆفی: خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نامرێت
له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بووین له سه‌ده‌ی 21 خه‌ڵكانێكمان هه‌بێت خیانه‌تمان لێ بكات
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24، فرسه‌ت سۆفی، په‌رله‌مانتاری كوردستان دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌وه‌ی له 16ی ئوكتۆبه‌ر روویدا به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر ئاماده‌كاری بۆ كرابوو، پیلانێكی گه‌وره بوو، چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی یانیش ئاستی ناوخۆیی عێراقی".
فرسه‌ت سۆفی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و پیلانه بۆ میلله‌تێك كه بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ونگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بنێت، پیلانێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، چاوه‌ڕێشمان نه‌ده‌كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆسه دیموكراتییه، دوژمن و نه‌یارانمان به‌گوڵ پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی گه‌لی كورد بكه‌ن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان جه‌ختیشی كرده‌وه،"ئه‌وه‌مان ده‌زانی كه له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی وه‌ك ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی دوژمنان هه‌موو هه‌وڵێك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان ده‌ه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه و كیمیابارنمان بینی و به‌هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له له‌پێناو سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی خرانه به‌رده‌می سێداره، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌كرد و زۆر به‌ئازا بوو، ئه‌وه بوو كه خه‌ڵكانێك هه‌بن له سه‌ده‌ی 21 و له‌پشته‌وه خه‌نجه‌ر له‌گه‌له‌كه‌ی بوه‌شێنن".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی تووشی شۆكی كردووین ئه‌وه بوو كه ده‌ستێكی خیانه‌ت له‌ناو كوردستان ده‌رگای به‌ڕووی دوژمنان‌دا كرده‌وه، بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه خاكی كوردستان داگیر بكه‌نه‌وه و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنووسی گه‌لی كورد له‌بار ببه‌نه‌وه".
فرسه‌ت سۆفی دووپاتیكرده‌وه، "روونترین و گونجاوترین پێناسه بۆ 16ی ئوكتۆبه‌ر "خیانه‌ته" و ئه‌گه‌ر ده‌ستی خیانه‌تكار نه‌بوایه ئێستا ئێمه له شوێنێكی دیكه ده‌بووین، چونكه ئه‌و هێزانه‌ی پشتمان پێ ده‌به‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون كه به داعشبهزێن ده‌ناسرێن و به‌بێ خیانه‌تكردن هیچ هێزێك توانای رووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌ی نییه".
H.B