ڤیدیۆ.. تره‌مپ: نامه‌وێ ده‌سبه‌رداری سعوودیه بم
"داوای به‌ڵگه‌كانی دیارنه‌مانی خاشقچی له توركیا ده‌كات"
K24- هه‌ولێر:
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "فۆكس نیوز بزنس" دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه: "وێڕای مه‌ترسییه به‌رده‌وامه‌كان له‌باره‌ی لێكه‌وته‌كانی كه‌یسی دیارنه‌مانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی، من نامه‌وێ سعوودیه له‌ده‌ست بده‌م".
تره‌مپ چه‌ندین جار دووباره‌یكرده‌وه: "هیوادارم سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بستانی سعوودیه له دیارنه‌مانی خاشقچیدا به‌شدار نه‌بن".
له‌باره‌ی پرسیاری ئاخۆ واشنتۆن به‌نیازه ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه‌كه‌ی بێت له كه‌نداو؟ تره‌مپ گوتی: "نامه‌وێ ئه‌وه بكه‌م".
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا راشیگه‌یاند، "وڵاته‌كه‌م له شه‌ڕی دژی تیرۆر پێویستی به سعوودیه‌یه"، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ریاز به دیارنه‌مانی خاشقچی له كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتدارانی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودی رووبه‌ڕووی لێشاوێك ره‌خنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوونه‌ته‌وه.
تره‌مپ له دیداره‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، "ئێمه له شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له ئێران و شوێنه‌كانی دیكه روو ده‌ده‌ن، پێویستیمان به سعوودیه‌یه".
دووپاتیشیكرده‌وه، هیچ پلانێكمان نییه بۆئه‌وه‌ی له كه‌یسی دیارنه‌مانی رۆژنامه‌نووسه سعوودیه‌كه به‌رگری له ریاز بكه‌ین، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "داوام له توركیا كردووه ئه‌و تۆماره ده‌نگی و گرته ڤیدیۆییانه‌مان نیشان بده‌ن كه تایبه‌تن به دیارنه‌مانی خاشقچییه‌وه".
H.B