شەھیدانی داستانی پردێ لەبیر ناكرێن
داستانی پردێ رێگەی نەدا شكۆی كورد بشكێندرێ
K24 - مێرگەسۆر
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت كە ھێزی پێشمەرگە توانیان لەو داستانەدا رێگری لە ھێزەكانی حەشدی شەعبی بكەن كە دەیانویست ھەرێمی كوردستان داگیربكەن. یەكێك شەھیدانی ئەو داستانەش فەرماندەیەكی پێشمەرگە بوو بەناوی عەقید غازی دۆڵەمەری.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، لەسەر گۆڕی شەھید غازی لە دەڤەری مێرگەسۆر، ئامادەكاریی كراوە بۆ یادكردنەوەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر شەھیدبوونی ئەو فەرماندەیە و داستانی پردێ.
غازی عەبدوڵڵا مەلا مام سۆفی، ناسراو بە غازی دۆڵەمەری، لە ساڵی 1970 لە گوندی شێتنەی سەربە ناحیەی مەزنێی قەزای مێرگەسۆر لە دایكبووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی قۆناخی سەرەتایی لە تەمەنی لاویەتی لە ساڵی 1986 دەچێتە ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، دۆڵەمەری لەبەر لێهاتوویی و بوێری خۆی هەر زوو بووەتە جێگەی متمانەی هاوڕێكانی لە رووبەڕوو بوونەوەی دوژمن و داگیركاران. شەهید غازی دۆڵەمەری توانیویەتی چەندین پلەی سەربازی لەنێو ھێزی پێشمەرگە وەربگرێت دواجاریش لە لەشكری تایبەتی1 پلەی عەقیدی پێبەخشراوە، عەقید غازی عەبدوڵڵا لەلای هاوسەنگەرانی بە كەسێكی چاو نەترس و زیرەك ناسراو بوو، لە شەڕی داعش ڕۆڵێكی گرنگی ھەبووە و بەشداری چەندین داستانی كردووە.
عەقید غازی، لەبەربەیانی 20/10/2017، لەكاتی بەرگری و رێگەگرتن لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق لە پردێ شەھیدبوو.

