به‌وێنه و ڤیدیۆ.. دیمه‌شق ژێرئاو كه‌وت
له‌هه‌ندێ شوێن ئاستی ئاو له بنمیچی خانووه‌كان نزیك بووه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
شه‌وی رابردوو به‌هۆی بارینی ته‌زره و بارانێكی زۆر و روودانی لافاو له دیمه‌شق و ریفه‌كه‌ی، دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ستدا و زیانی زۆری ماددیش به‌ر خانوو و سامانی هاووڵاتیان گه‌یشت.
میدیا ناوخۆییه‌كانی سووریا بڵاویانكرده‌وه، دوو منداڵ كه ته‌مه‌نیان 5 ساڵی و 6 ساڵی بووه، له گوندی دێر مه‌قره‌ن له دۆڵی "وادی به‌ردا" به‌هۆی ئه‌و لافاوه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه له‌ئه‌نجامی بارینی باران و ته‌زره‌یه‌كی زۆر له ناوچه‌كه روویداوه.
هاوكات ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، ئاستی ئاو له ناوچه‌كه به‌رزبووه‌ته‌وه و قوڕ و به‌رد و لیته‌ی زۆرچووه‌ته ناو ماڵ و دووكانه‌كان، له زۆر شوێنیش ئاستی ئاو له بنمیچی خانووه‌كان نزیك بووه‌ته‌وه و زیانی زۆری ماددی به ناوچه‌كه گه‌یشتووه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، زۆرترین زیانی ئه‌و لافاوه به گونده‌كانی دێر مه‌قره‌ن، كه‌فیر زه‌یت و كه‌فیر یابوس له وادی به‌ردا له نزیك سنووری لوبنان گه‌یشتووه و، زۆرێك له خانوو و دوكان و ماركێته‌كان ژێرئاوا كه‌وتوون و، جامی ده‌یان ئۆتۆمۆبیلیش به‌هۆی ته‌زره‌ی به‌خوڕ شكاون.
هه‌ر به هۆی بارانی به‌خوڕ، له هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانی زه‌به‌دان و قه‌له‌موونی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواش لافاو روویداوه و زیانی زۆری به ئۆتۆمۆبیل و ئاژه‌ڵ و په‌له‌ور و ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون گه‌یاندووه.
له یه‌كێك له‌و گرته ڤیدیۆییانه‌شدا كه له‌لایه‌ن چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، دیمه‌نی ئافره‌تێك نیشان ده‌درێت، كاتێك ئاوی لافاو له نزیك پردی سپی له شاری دیمه‌شق له‌گه‌ڵ خۆیدا راپێچ ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه له‌نزیك شه‌قامه‌كه وه‌ستاوه، رزگارده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵه‌ده‌ری سانا، پێشبینییه‌كانی 24 كاتژمێری داهاتوو ئاماژه به بارینی رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری باران و ته‌زره له سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ناو كه‌ناراوییه‌كان وجه‌زیره و ناوچه‌ی شه‌رقییه و پێشبینی ده‌كرێت تا ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رده‌وام بێت.
H.B




