له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا ناتوانێت هاوکاری کوردستان بكات

سەرۆکی بانکی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بۆ کوردستان 24 قسەدەکات

K24 – لوکسۆمبۆرگ:

ھەفتەی رابردوو یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا زیاتر لە 68 ملیۆن یۆرۆ بۆ ھاوکاریکردنی عێراق تەرخان بکات، وێرنەر ھۆیەر، سەرۆکی بانکی وەبەرھێنانی ئەوروپاش لەرێگای کوردستان 24ـەوە رایدەگەینێت، ئومێد دەکەم ئەو پارەیە ببێتە ھۆی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکان کە لەھەرێمی کوردستاندا دەژین.

سەرۆکی بانکی یەکێتی ئەوروپا، كه‌ بۆ بارزان حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 قسه‌ی كردووه‌، دەڵێت: "ئێمە سوپاسگوزاری دەنێرین بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەو ئاوارەنەی لەخۆی گرتووە".

سەرۆکی بانکی یەکێتی ئەوروپا، ئاماژە بەوەش دەکات، وەکو چۆن یەکێتی ئەوروپا ھاوکاری ئاوارە سوورییەکان دەکات لەتورکیا و لوبنان و ئه‌رده‌ن، بەھەمان شێوە ھەوڵی ئەوە دەدەین ھاوکاری ئاوارە سورییەکان بکەین لەھەرێمی کوردستان.

وێرنەر ھۆیەر، سەرۆکی بانکی وەبەرھێنانی ئەوروپا، گوتی: "بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە هێشتا دەسەڵاتمان بۆ هاوکاریکردن هەرێمی کوردستان و کارکردن لەم بەشەی عێراق پێ نەدراوە".

روونیشی كرده‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دەبێت یەکێتیی ئەوروپا ئەم دەسەڵاتەیان پێ بدات، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە ئەم بڕیارە بدەن.

گوتیشی: "هیوادارم ئەم بڕیارە بدرێت، چونکە دەزانم چ بارگرانییەك لەسەر شانی گەلی کوردستانە".

ئ. م