پارتی بەشداری لە كۆنفرانسی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا دەكات

وتاری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسەكەدا دەخوێندرێتەوە

K24 - مۆسكۆ

ئەمڕۆ دەیەمین كۆنفرانسی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەدەچێت و شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بانگێشتی كۆنفرانسەكە كراوە.

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەكو پارتی ماوەیەكی زۆرە ئەندامین لە رێكخراوی نێوەدەوڵەتی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا، پەیوەندییەكانمان لەو ئاستەدان كە بۆ بەرژەوەندی ھەرێمی كوردستان بەكاری بھێنین، چەندین پارتی فەرمانڕەوا و كاریگەر ئەندامن لەو رێكخراوە و ھەوڵدەدەین پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین".

گوتیشی: "لەو كۆنفرانسەدا سەرۆكێكی نوێ بۆ رێكخراوەكە ھەڵدەبژێردرێت و بڕیارە سەرۆكی پارتی رووسیای یەكگرتوو ببێتە سەرۆكی رێكخراوەكە و داوامان لێكراوە وەك شاندی پارتی بە فەرمی وتارێك پێشكەش بكەین، لە وتارەكەمان زیاتر جەخت لە بەھێزكردنی پەیوەندییەكان و بەرەوپێشوەچوونی ھەرێمی كوردستان دەكەینەوە، ھەروەھا باس لە رۆڵی پارتی لە حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان دەكەین، ھەر لەو وتارەدا باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و كاردانەوەكانی دەكەین".

كۆنفرانسەكە دوو رۆژ دەخایەنێت و بە ئامادەبوونی سەرکردە و نوێنەری 360 پارتی باڵا دەستی کیشوەری ئاسیا، کە فەرمانڕەوایی دوولەسەر سێی دانیشتووانی جیھان دەکەن،  لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەدەچێت.